دواین هەواڵ

جیهان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

راپۆرتێکی ئەمریکی: حوسییەکان چالاکییەکانی درۆن و مووشەکیان لە عێراق بەرفراوان کردووە

هەرێم نیوز

ماڵپەڕی (الحرة)ی ئەمریکی لە زاری سەرچاوە هەواڵگرییەکانی عێراقەوە بڵاوی کردووەتەوە، گرووپی حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت، لە چەند ساڵی ڕابردوودا بوونی خۆی لە عێراق فراوانتر کردووە، ئەوەش لە ڕێگەی کردنەوەی ئۆفیس و شوێنی هەماهەنگیی هاوبەش لەگەڵ گرووپە چەکدارە نزیکەکان لە تاران، هاوشانی ئەو چالاکییانەی پەیوەندییان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و مووشەکەوە هەیە.

چڕبوونه‌وه‌ی چالاکییەکان لە جورف لسەخر و سنووری سعودیە
سەرچاوە نزیکەکان لەو دۆسیەیە ئاماژەیان بەوە کردووە، بەشێک لەم بوونە لە ناوچەی "جورف لسەخر" لە باشووری بەغدا چڕ بووەتەوە، کە ناوچەیەکی ژێر کۆنترۆڵی کەتیبەکانی حزبوڵایە و واشنتن وەک گرووپێکی تیرۆریستی پۆلێنی کردووە. هەروەها ئەم بوونە درێژ دەبێتەوە بۆ ناو ئۆفیسە ئایینی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان لە بەغدا، کەربەلا، نەجەف، میسان، موسەننا، واسیت، بابل و دیالە.

سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە، گرووپەکە خاوەنی سەربازگەی گەورەی سەربەخۆ نییە لە عێراق، بەڵکوو پشت بە بارەگا و شوێنی هاوبەش لەگەڵ گرووپە چەکدارە عێراقییەکان دەبەستێت. ئەوەشیان خستەڕوو کە هەندێک لە ئەندامانی گرووپەکە لە ناوچە نزیکەکان لە سنووری سعودیە بوونیان هەیە.

پەرەپێدانی درۆن و مووشەک
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش داوە، ئەندام و شارەزایانی پەیوەندیدار بە حوسییەکانەوە بەشدارن لەو چالاکییانەی پەیوەستن بە پەرەپێدانی درۆن، مووشەک و بۆمبی چێنراو، بە هەماهەنگی لەگەڵ گرووپە چەکدارە عێراقییەکان.

ڕۆڵی سوپای پاسداران و "حاجی حامید"
بەگوێرەی سەرچاوەکان، حزبوڵای لوبنانی و سوپای پاسدارانی ئێران ڕۆڵ دەگێڕن لە ڕێکخستنی ئەم هاوکارییەدا، لە کاتێکدا بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە سوپای پاسداران، کە بە "حاجی حامید" ناسراوە، ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی بەشێک لەم چالاکییانە دەکات.

کێشەی دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی حوسی لە بەغدا
سەرچاوەکان باسیان لە ڕووداوێک کردووە کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٤ و پێیان وایە قەبارەی ئەو پارێزگارییە دەردەخات کە جموجۆڵەکانی حوسییەکان لەناو عێراقدا بەدەستیانهێناوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لەو ساڵەدا سەرکردەیەکی حوسی بە پاسپۆرتێکی ساختەوە هاتووەتە ناو عێراق، سەرەڕای ئەوەی ناوی لە لیستی تیرۆری ئەمریکادا هەبووە.

سەرچاوەکە وتوویەتی، واشنتن داوای لە بەغدا کردبوو دەستبەسەری بکات، بەڵام گرووپە چەکدارەکان یارمەتییان دا بۆ ئەوەی پێش دەستگیرکردنی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا ڕابکێشرێت و دەربکرێت.

گوشارە بەردەوامەکانی واشنتن بۆ سەر بەغدا
هەمان سەرچاوە ئەوەشی خستووەتەڕوو، واشنتن چەندین جار داوای لە بەغدا کردووە کۆتایی بە چالاکییەکانی حوسییەکان لە خاکی عێراق بهێنێت یان سنوورداریان بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP