هەرێم نیوز
سعودیە پلانی هێرشێکی بەرفراوان بەسەر چەکدارە حوسییەکانی یەمەندا دادەڕێژێت بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنەوەی گەرووی بابولمەندەب. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەم ئۆپەراسیۆنە بە بەشداریی ١٠٠ هەزار سەربازی یەمەنی و پاڵپشتیی ئاسمانیی سعودیە ئەنجام دەدرێت، کە ئامانج لێی گەڕاندنەوەی ئاسایشە بۆ هێڵە بازرگانییەکانی دەریای سوور.
ئامادەکاریی سەربازی و بژاردەکانی ڕیاڕ
ئاژانسی ڕۆیتەرز ئەمشەو بڵاوی کردەوە، سعودیە خەریکی ئامادەکارییە بۆ هێرشێکی سەربازیی گەورە دژی چەکدارە حوسییەکانی یەمەن. بەرپرسانی هەرێمی و ڕۆژئاوایی ئاشکرایان کردووە کە ئۆپەراسیۆنەکە لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەست پێ دەکات و لەلایەن هێزە یەمەنییەکانەوە لەسەر زەوی ئەنجام دەدرێت کە ڕیاز سەرپەرشتییان دەکات.
ئاماژەی بەوەش کرد، سعودییە دوو بژاردە تاوتوێ دەکات؛ یان هێرشێکی سنووردار بۆ سەر کەناراوەکان، یان هێرشێکی هاوکات لە چەندین بەرەی وەک مەئریب، تەعز، ئەلبەیدا و جەوف. پاشەکشەپێکردنی حوسییەکان لە گەرووی بابولمەندەب ئامانجی سەرەکیی ئەم پلانەیە، چونکە ڕیاز پێی وایە تاوەکو ئەو ڕێڕەوە لەژێر دەستی حوسییەکاندا بێت، دانوستانی ئاشتی سوودی نابێت.
پشتیوانیی نێودەوڵەتی و ڕەوانەکردنی کەرەستەی سەربازی
بەگوێرەی ڕۆیتەرز، ئەمریکا زانیاریی هەواڵگری و ڕاوێژی سەربازی بۆ هێرشە ئاسمانییەکان دابین دەکات، بەڵام پێشبینی ناکرێت ڕاستەوخۆ بەشداریی شەڕەکە بکات. لەلایەکی ترەوە، تورکیا و پاکستان کە ڕێککەوتنی بەرگریی هاوبەشیان لەگەڵ سعودیە هەیە، کەرەستەی سەربازییان بۆ ڕەوانە کردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، پاکستان ٤ فڕۆکەی بارهەڵگری پڕ لە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، تۆپخانە و درۆنی بۆ شاری عەدەن ناردووە. هەروەها پاکستان نزیکەی ٣٠ بۆ ٤٠ هەزار سەربازی لەناو خاکی سعودیەدا بڵاوکردووەتەوە بۆ پاراستنی سنوورەکان و بەرەنگاربوونەوەی هێرشە مووشەکییەکان. فڕەنساش ڕایگەیاندووە کە هێز و سیستەمی بەرگری بۆ پاراستنی شاری یەنبووع ڕەوانە دەکات.
پاشخانی ئاڵۆزییەکان و گرنگیی گەرووی بابولمەندەب
سعودیە لە ساڵی ٢٠١٥دا وەک سەرکردەی هاوپەیمانییەکی عەرەبی بۆ پشتگیریکردنی حکوومەتی شەرعی چووە ناو جەنگی ناوخۆی یەمەن. ئاگربەستێک کە لە ساڵی ٢٠٢٢ ڕاگەیەندرا، تاوەکو ئەمساڵ بەردەوام بوو، بەڵام دوای هێرشی حوسییەکان بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکان و دەستگرتن بەسەر گەرووی بابولمەندەبدا، جارێکی تر شەڕ دەستی پێکردەوە.
گەرووی بابولمەندەب ڕێڕەوێکی ستراتیژییە و دوای داخرانی گەرووی هورمز بەهۆی ململانێی ئێران و ئەمریکا لە شوباتی ٢٠٢٦دا، گرنگییەکی زیاتری بۆ بازرگانیی جیهانی پەیدا کردووە.