هەرێم نیوز
ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە سێ بەرپرسی باڵای ئێران و سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بابەتە بڵاوی کردەوە، تاران ئامادەکاریی تەواوی کردووە و لە ئەگەری هێرشی ئەمریکادا وەڵامدانەوەکەی فراوانتر و توندتر دەبێت لەچاو ڕابردوودا.
پلانی فەرماندە باڵاکان بۆ زیاتکردنی مەودای ئامانجەکان
ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە، لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان، فەرماندە باڵاکانی ئێران پلانیان هەیە و بیر لە زیادکردنی مەودای ئامانجە ئەگەرییەکان دەکەنەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەو پلانانەی لەبەرچاو دەگیرێن بریتین لە فراوانکردنی مەودای ئامانجەکان لە بەرژەوەندییە پەیوەندیدارەکانی ئەمریکاوە بۆ ئەو وڵاتانەی کە پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی واشنتن دەکەن.
بەئامانجگرتنی ناوچەکانی دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ڕۆیتەرز ئاشکرای کردووە، تاران نیازی هەیە ئامانجەکانی دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بگرێتەوە، بەڵام تا ئێستا بڕیاری کۆتایی لەسەر مەودا و کاتی وەڵامدانەوەی لەو شێوەیە نەدراوە.
ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ ڕۆیتەرز کردووە وتوویانە، بەگوێرەی پلانەکان، وەڵامی ئێران بۆ ئەمریکا جگە لە گەرووی هورمز و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەبێت.
ئامادەباشیی هێزە هاوپەیمانەکانی تاران
ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندبوو، تاران داوای لە گرووپە هاوپەیمانەکانی لە لوبنان، یەمەن و عێراق کردووە، ئەگەر ئەمریکا دەست بە هێرش بکاتەوە، ئامادە بن بۆ پشتیوانیکردن لە کۆماری ئیسلامیی ئێران.