هەرێم نیوز
ئەمڕۆ دووشەممە، ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و سەرۆک وەزیرانی پێشووی فیدراڵ کرد.
تاوتوێکردنی دۆخی عێراق و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا
لە دیدارەکەدا، دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ تاوتوێ کران.
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگیی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ پشتگیریکردنی حکومەتی فیدراڵ لەپێناو زیادکردنی داهاتی گشتی، ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و خزمەتکردنی گشت هاووڵاتی و پێکهاتەکان بێ جیاوازی.
جەختکردنەوە لەسەر شایستە داراییەکانی هەرێم و بودجەی ٢٠٢٧
لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، سەرۆکی حکومەت جەختی لە پێویستیی ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و دەستنیشانکردنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵی ٢٠٢٧ کردەوە، کە پێویستە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و بەپێی ڕێژەی ١٤٪ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بێت کە ئەنجامی پەسەندکراوی دوا سەرژمێریی گشتیی ساڵی ٢٠٢٤ـە.