دواین هەواڵ

جیهان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

کرێملین: پوتین ئامادەیە لە ڕۆژی هەڵبژاردنەکانی ئۆکرانیادا فەرمانی ڕاگرتنی هێرشەکان بدات

هەرێم نیوز

کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملین) ڕایدەگەیەنێت کە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا ئامادەیە لە ڕۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئۆکرانیادا فەرمانی ڕاگرتنی تەواوەتیی هێرشەکان بدات، هاوکات کیێڤ بە خۆدزینەوە لە هەڵبژاردن و هەوڵدان بۆ درێژەدان بە جەنگ تۆمەتبار دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کۆشکی کرێملین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وردەکاریی نوێی سەبارەت بە هەڵوێستی مۆسکۆ بۆ جەنگی ئۆکرانیا و پرسی دانوستانەکان خستەڕوو. پێسکۆڤ ڕایگەیاند کە پەیوەندی و گفتوگۆکان سەبارەت بە پرسی وزە و ئاگربەست لەگەڵ ئۆکرانیا بەردەوامن، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ڕووسیا بەدوای "ئاگربەستێکی کاتی"ـدا ناگەڕێت، بەڵکو ئامانجیەتی بگاتە ئاشتییەکی درێژخایەن.

گوتەبێژەکەی کرێملین هێرشی توندی کردە سەر دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا و ڕایگەیاند: "کیێڤ نایەوێت هەڵبژاردن ئەنجام بدات، بەڵکو تەنیا پێویستی بە ئاگربەست هەیە بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە هەناسەیەک بدات و هێزەکانی کۆبکاتەوە بۆ درێژەدان بە جەنگ."

سەبارەت بە هۆکاری وەستانی دانوستانەکانیش، پێسکۆڤ ئاشکرای کرد کە مۆسکۆ بەتەواوی ئامادە بوو بۆ بەردەوامیدان بە دانوستانەکان دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی دوما (پەرلەمانی ڕووسیا)، وهبەڵام لەو کاتەدا ئۆکرانیا هێرشی کردە سەر مۆسکۆی پایتەخت، کە ئەمەش بووە هۆی تێکچوونی پرۆسەکە.

 لەگەڵ ئەوەشدا، دووپاتی کردەوە کە پوتین ئامادەیە وەک نیازپاکییەک، لە ڕۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە ئۆکرانیا، فەرمانی ڕاگرتنی هێرشە سەربازییەکان بدات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP