دواین هەواڵ

ئابوری‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری لێخۆشبوونی ١٠٠٪ـی سزای دواکەوتنی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی دەرکرد

هەرێم نیوز

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە لێخۆشبوونی ١٠٠٪ـی سزای دواکەوتنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کەرتی تایبەت، و بۆ ئەم مەبەستەش مۆڵەتی سێ مانگ بە خاوەنکاران دەدات.

ئاسانکاریی نوێ بۆ خاوەنکاران و کەرتی تایبەت
ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران و لەسەر داواکارییەکی ئەوان، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لێخۆشبوونی ١٠٠٪ـی سزای دواکەوتنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران و کارمەندانی کەرتی تایبەت دەرکردووە.

هەر لە ڕاگەیەنراوەکەدا وەزارەتەکە داوا لە سەرجەم خاوەنکاران و شوێنکارەکان دەکات سوود لەم دەرفەتە وەربگرن و لە ماوەی ٩٠ ڕۆژدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بکەن. هاوکات سوپاسی سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی و ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیرانیان کرد بۆ دەرکردنی ئەو بڕیارە ئاسانکارییە.

گرنگیی بڕیارەکە بۆ مافی کرێکاران
لە هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، پێویستە خاوەنکاران مانگانە بڕێک پارە بۆ کرێکار و کارمەندەکانیان وەک دەستەبەری کۆمەڵایەتی (خانەنشینیی کەرتی تایبەت) بدەنە حکوومەت.

ئەگەر خاوەنکارێک لە کاتی خۆیدا ئەو پارەیە نەدات، ڕووبەڕووی سزای دارایی دەبێتەوە و پارەیەکی زیاتری دەچێتە سەر.
لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی سستیی بازاڕ و قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانەوە، بەشێکی زۆر لە کۆمپانیا و شوێنکارەکان نەیانتوانیوە پابەندی پێدانی ئەو بڕە پارەیە بن و سزایەکی زۆریان کەوتووەتە سەر.

بڕیارە نوێیەکەی ئەنجوومەنی وەزیران بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت بۆ ئاسانکاریکردن لە بەردەم کەرتی تایبەت و هاندانی خاوەنکاران بۆ ئەوەی کرێکارەکانیان لە پرۆسەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمار بکەن، تاوەکو لە داهاتوودا مافی خانەنشینبوونیان بۆ دابین بکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP