دواین هەواڵ

ئابوری‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

زیاتر لە ملیۆنێک موچەخۆر لە هەژماری من موچە وەردەگرن

هەرێم نیوز

تیمی پڕۆژەی "هەژماری من" ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول (نۆ) بە شێوازی دیجیتاڵی لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات و بڕیارە تاوەکو ڕۆژی چوارشەممە، ١٤ی تشرینی یەکەم، بەردەوام بێت.

ئامار و داتاکانی بەشداربووانی پڕۆژەکە
تیمەکە ئاماژەی بەوە داوە کە تێکڕای ژمارەی سوودمەندانی تۆمارکراو لە پڕۆژەکەدا گەیشتووەتە ١.١٤ ملیۆن فەرمانبەر و مووچەخۆر.
هاوکات ١.٠٧ ملیۆن کارت دابەش کراون، و لە ئێستادا ١.٠٢ ملیۆن سوودمەند مووچەکانیان ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی پڕۆژەی "هەژماری من"ـەوە وەردەگرن.
بۆ ئاسانکاریی ڕاکێشانی پارە، تیمەکە ئەوەی خستە ڕوو کە نزیکەی ٨٠٠ ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) لە زیاتر لە ٢٠٠ شوێنی جیاواز دانراون. دابەشبوونی مووچەخۆران بەسەر پارێزگاکاندا بەم شێوەیەیە:

•هەولێر: ٤٢٢ هەزار سوودمەند
•سلێمانی: ٣٧٢ هەزار سوودمەند
•دهۆک: ١٩٧ هەزار سوودمەند
•هەڵەبجە: ٢٥ هەزار سوودمەند
پۆلێنکردنی جۆری سوودمەندان
سەبارەت بە پۆلێنکردنی جۆری سوودمەندان، تیمەکە ڕای گەیاند کە:
• ٤٠٠ هەزار فەرمانبەری مەدەنی
• ٢٣٨ هەزار پێشمەرگە و ئاسایش
• ٣١٣ هەزار خانەنشین
• ٦٥ هەزار خێزانی شەهید
مووچەکانیان لە ڕێگەی ئەم سیستەمەوە وەردەگرن.

هەروەها ڕێژەی پێدانی مووچە بە دیجیتاڵی لە مانگەکانی ڕابردوودا بەردەوام ڕووی لە زیادبوون کردووە، بە جۆرێک لە مانگی حوزەیران ٨٣٦ هەزار، لە تەممووز ٩٢٢ هەزار، لە ئاب ١,٠٠١,٠٠٠ و لە مانگی ئەیلوولیشدا ١,٠١٦,٠٠٠ مووچەخۆر مووچەیان بە دیجیتاڵی وەرگرتووە.

لە کۆتاییدا، تیمی پڕۆژەکە داوا لە فەرمانبەران دەکات بۆ هەر کێشە و پرسیارێک لە ڕێگەی ژمارە (١٩٩١)ـەوە پەیوەندی بە سەنتەری خزمەتگوزارییەوە بکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP