دواین هەواڵ

ئابوری‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

بانکی ناوەندی: یەدەگی دراوی بیانی لە دۆخێکی ئارامدایە و بەشی هاوردەکردنی ساڵێک یان زیاتر دەکات

هەرێم نیوز

سەمیر فەخری نیعمە، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ئامار و لێکۆڵینەوە لە بانکی ناوەندیی عێراق، ڕایگەیاند کە یەدەگی دراوی بیانی لە دۆخێکی زۆر ئارامدایە و دەتوانێت پێداویستیی هاوردەکردنی وڵات بە تەواوی بۆ ماوەی یەک ساڵ یان زیاتر دابین بکات.

کەمبوونەوەی فشارە داراییەکان و ئاستی هەناردەی نەوت
سەمیر فەخری نیعمە لە میانی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی "دیداری مێری" لە هەولێر ڕای گەیاند، خەرجیی مانگانەی حکومەت لە نێوان ٩ بۆ ١٠ تریلیۆن دینار دایە، بەڵام بەرزبوونەوەی هەناردەی نەوت لە مانگی تشرینی یەکەمدا فشارە داراییەکانی سەر بانکی ناوەندیی عێراقی بە ڕوونی کەم کردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد کە قەرزی دەرەکیی عێراق بەردەوام ڕووی لە دابەزین کردووە، بەڵام بەهۆی ئاستەنگە نەوتییەکانەوە کە دروست بوون، پێویستە هەڵسەنگاندن بۆ قەرزی ناوخۆیی یان دەرەکی بکرێت بە هەماهەنگیی مانگانە و بەردەوام لەگەڵ دارایی گشتی لە بەغدا.

ڕوونیشی کردەوە کە هەناردەکردنی نەوت لەم دواییانەدا لە ٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیلی لە ڕۆژێکدا تێپەڕاندووە، ئەمەش نەرمی و دەسەڵاتی دارایی زیاتری بە حکومەت بەخشیوە بۆ دابینکردنی خەرجییەکان و تێپەڕاندنی ئەو کورتهێنانەی لە داهاتی نەوتدا دروست بووبوو.

سروشتی ئابووریی عێراق و پەیوەندیی دینار و دۆلار
سەبارەت بە بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار، ئەو بەرپرسەی بانکی ناوەندی ڕای گەیاند: "نرخی ئاڵوگۆڕی دراو بۆ عێراق گرنگە، چونکە ئابووریی عێراق پشت بە داهاتی دۆلار دەبەستێت، سەرچاوەکانی داهاتی عێراقیش پەیوەستن بە خواستی دەرەکییەوە؛ گرنگترین هاوکێشەش لە ئابووریی عێراقدا خەرجکردنی حکومەتە بە دینار."

ئاماژەی بەوەش کرد: "بەکارهێنانی دینار وەک ئامرازێک بۆ خەرجکردنی حکومەت بنەمایەکی بنەڕەتییە و نوێنەرایەتیی پێکهاتەیەکی کۆی خواست دەکات کە پەیوەستە بە داهاتی نەوتەوە، نرخی ئاڵوگۆڕیش پەیوەندیی بە هەموو ئەمانەوە هەیە. هەر دینارێک کە لە بودجەی گشتی خەرج دەکرێت، خواست لەسەر دۆلار لە ڕێگەی بانکی ناوەندییەوە دروست دەکات، بە لەبەرچاوگرتنی بەشداریی سنوورداری کەرتە ئابوورییە ناوخۆییەکان لە بەرهەمی گشتیی ناوخۆدا."

جەختیشی کردەوە کە هەناردەکردنی عێراق بە ڕێژەی ٩٨٪ پشت بە نەوتی خاو دەبەستێت، هاوکات داهاتی نەوت زیاتر لە ٩٣٪ی کۆی داهاتی گشتی پێک دەهێنێت.

جێگیریی یەدەگی دراوی بیانی
سەمیر فەخری نیعمە ئاماژەی بەوەش دا: "بانکی ناوەندی لە ڕووی یەدەگی دراوی بیانییەوە لە دۆخێکی زۆر جێگیردایە؛ لە کاتێکدا ڕاپۆرتەکانی سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی ئاماژە بە توانای سێ بۆ شەش مانگ دەکەن، بەڵام دڵنیاتان دەکەمەوە کە پێداویستیی ساڵێکی تەواو یان زیاتر دابین دەکات."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP