هەرێم نیوز
تەرازووی هێزی ئابووریی جیهان بە خێرایی لە ڕۆژئاواوە بەرەو ڕۆژهەڵات دەگوازرێتەوە
ئامار و داتاکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە هاوسەنگیی هێزی ئابووریی جیهاندا ئاشکرا دەکەن؛ بە جۆرێک چەقی قورسایی ئابووری لە ڕۆژئاواوە بەرەو ڕۆژهەڵات دەگوێزرێتەوە، ئەوەش نەک بەهۆی داڕمانی کتوپڕی ڕۆژئاوا، بەڵکو لە ئەنجامی گەشەسەندنی خێرا و بێوێنەی ئابووریی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا.
بەپێی داتاکان، لە ساڵی ٢٠٠٠ـدا پشکی چین لە تەواوی ئابووریی جیهاندا تەنیا ٣٪ بووە، کەچی ئێستا ئەو پشکە گەیشتووەتە ١٦٪ و بووەتە دووەم گەورەترین ئابووریی سەر زەوی؛ بە شێوەیەک قەبارەی ئابووریی پەکین لە ماوەی ٢٦ ساڵدا نزیکەی ١٧ هێندە زیادی کردووە.
هاوکات لەگەڵ چین، ئابووریی هیندستان لە ساڵی ٢٠٠٠ـەوە تا ئێستا ٨ هێندە گەورە بووە و گەیشتووەتە ٤.١٥ تریلیۆن دۆلار؛ بەمەش پێش ئابووریی فەرەنسا کەوتووە و تەنیا ١٠٠ ملیار دۆلاری ماوە بۆ ئەوەی بەریتانیاش تێپەڕێنێت.
لە هەمان کاتدا، وڵاتانی کەنداو بەهێزەوە هاتوونەتە پێشەوە و قەبارەی ئابوورییان زیاتر لە ٦ هێندە زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٢.٤ تریلیۆن دۆلار.
لە بەرامبەر ئەم هەڵکشانە خێرایەی ڕۆژهەڵاتدا، پشکی زلهێزە نەریتییەکانی ڕۆژئاوا لە بازاڕی جیهانیدا ڕووی لە پاشەکشە کردووە؛ پشکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ٣٠٪ـەوە لە ساڵی ٢٠٠٠ـدا دابەزیوە بۆ ٢٥٪. هاوکات یەکێتیی ئەوروپا پاشەکشەیەکی گەورەتری تۆمار کردووە و پشکی گشتیی وڵاتانی یەکێتییەکە لە ٢٦٪ـەوە بۆ ١٨٪ دابەزیوە. ئەم گۆڕانکارییە خێرایانەی تەرازووی هێز پرسیارێکی ستراتیژی دەهێننە کایەوە: لە دەیەی داهاتوودا کێ ڕابەرایەتی و بڕیاری ئابووریی جیهان بەدەستەوە دەگرێت؟