هەرێم نیوز
وێنەی ئەو سەربازە ئۆکرانییانەی برسییەتی جەستەیانی کردە ئێسک و پێست
لە دەرکەوتەیەکی نوێ و پڕ لە ئازاری جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا، بڵاوبوونەوەی چەند وێنەیەکی شۆککەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە، کە تێیدا سەربازانی ئۆکرانی لە هێڵەکانی پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوە لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە لە دۆخێکی نالەباری تەندروستیدا دەردەکەون بە جەستەیەکی ئێسک و پێست و تەواو لاواز، دوای ئەوەی بەهۆی برسییەتیی سەختەوە نزیکەی نیوەی کێشی لەشیان لەدەستداوە.
وێنەکان لەلایەن هاوسەری یەکێک لە سەربازانی لیوای چوارەمی میکانیکیی سوپای ئۆکرانیاوە بڵاوکراونەتەوە و ئاشکرای کردووە کە ئەو سەربازانە بۆ ماوەی ١٧ ڕۆژی لەسەریەک بە تەواوی بەبێ ئاو و خۆراک لە سەنگەرەکاندا ماونەتەوە.
لە ئەنجامی بڕانی تەواوەتیی هاوکارییەکاندا، سەربازەکان ناچار بوون پەنا بۆ خواردنەوەی ئاوی باران و تواندنەوەی بەفر ببەن تەنها بۆ ئەوەی لە ژیاندا بمێننەوە، هاوکات هەندێکیان بەهۆی لەدەستدانی نزیکەی ٤٠ کیلۆگرام لە کێشیان تووشی لەهۆشخۆچوون بوون لە کاتێکدا داواکاریی بەپەلەیان لە ڕێگەی بێتەلەوە ناردووە بەڵام فریایان نەکەوتوون.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕۆژنامەی «گاردیان»، ڕووسیا ستراتیژێکی نوێی گرتووەتەبەر بە جۆرێک لەبری تەنیا بەئامانجگرتنی پێگە سەربازییەکان، بە پلەی یەکەم سەرنجی خستووەتە سەر بۆردومانکردن و پچڕاندنی هێڵەکانی گەیاندنی خۆراک و دەرمان، ئەمەش وایکردووە گەیاندنی پێداویستییەکان تەنیا لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن) بێت کە زۆرجار ئەوانیش لەلایەن ڕووسیاوە دەخرێنە خوارەوە.
لە وەڵامی ئەم تەنگژە مرۆیی و سەربازییەدا، فەرماندەیی سوپای ئۆکرانیا دانی بە بوونی کێشەی قووڵی لۆجستیدا نا و دەستبەجێ فەرماندەی بەرپرسی هێڵەکانی دابینکردنی خۆراک و پێداویستییەکانی لە پۆستەکەی دوورخستەوە.