هەرێم نیوز
لە ئاماژەیەکی مەترسیدار بۆ داهاتووی دیمۆگرافی و ئابووریی جیهان، ئامارە نێودەوڵەتییەکان پەردە لەسەر داڕمانێکی گەورە لە تێکڕای وەچەخستنەوە و لەدایکبوون لەسەر ئاستی جیهان لادەدەن، بە جۆرێک کە لە ساڵی ١٩٥٠ـدا تێکڕای منداڵبوون بۆ هەر ژنێک نزیکەی ٤.٩ بۆ ٥ منداڵ بووە، کەچی ئێستا ئەو ڕێژەیە بۆ تەنیا ٢.٢ منداڵ بۆ هەر ژنێک دابەزیوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی «موودیز»، لە ئێستادا زیاتر لە ٧٠٪ـی دانیشتووانی جیهان لەو وڵاتانەدا دەژین کە ڕێژەی لەدایکبوونیان بەشی قەرەبووکردنەوە و هێشتنەوەی ژمارەی دانیشتووانەکەیان ناکات.
لە کیشوەری ئەوروپا، پێشبینی دەکرێت ژمارەی دانیشتووان لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٩ـەوە دەست بە پاشەکشە و کەمبوونەوە بکات. هاوکات لە چین، دیاردەی بەساڵاچوون بە خێرایی تەشەنە دەستێنێت؛ بە جۆرێک ڕێژەی ئەو هاووڵاتییانەی تەمەنیان لە سەروو ٦٥ ساڵەوەیە لە ماوەی تەنیا ٢٠ ساڵدا لە ٧٪ـەوە بۆ ١٤٪ بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا هەمان ئەم وەرچەرخانە لە ئەوروپا چەندین دەیەی خایاندبوو.
دۆخەکە لە وڵاتێکی وەک ژاپۆن لەوەش هەستیارترە؛ نزیکەی ٣٠٪ـی دانیشتووانی ئەو وڵاتە تەمەنیان ٦٥ ساڵ یان زیاترە، لە بەرامبەردا تەنیا ١١٪ـی ژاپۆنییەکان لە خوار تەمەنی ١٥ ساڵییەوەن.
ئەم قەیرانە گەورەیە کێشەیەکی بێوێنە بۆ وڵاتانی پیشەسازی دروست دەکات؛ لە وڵاتانی گرووپی حەوت (G7)، لە ئێستادا بۆ هەر بەساڵاچوویەکی سەروو ٦٥ ساڵ تەنیا ٣ کەس لە تەمەنی کارکردندان، بەڵام ئەم هاوسەنگییە تا ساڵی ٢٠٥٠ دادەبەزێت بۆ تەنیا ٢ کەسی بەرهەمهێنەر لە بەرامبەر هەر کەسێکی بەساڵاچوودا.
ئەم ئامارە دیمۆگرافییانە ئەوە دەسەلمێنن کە ئابووریی جیهان بەرەو هاوکێشەیەکی سەخت و پڕمەترسی هەنگاو دەنێت: هەبوونی هێزی کاری کەمتر لە بەرامبەر زیادبوونی ژمارەی خانەنشینان، کە ئەمەش فشارێکی دارایی و کۆمەڵایەتیی قورس دەخاتە سەر کەرتی بەرهەمهێنان و سندوقەکانی خانەنشینی لە ئایندەیەکی نزیکدا.