دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 15 کاتژمێر پێش ئێستا

پلانی ٧٢ کاتژمێریی پنتاگۆن دژی تاران؛ واشنتن لە لێواری لێدانی بنکە مووشەکییەکان و فەرماندەیی سوپای پاسداراندایە

هەرێم نیوز

لە ئاماژەیەکی مەترسیدار بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گشتگیر لە ناوچەکەدا، وەزارەتی بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (پنتاگۆن) پلانێکی سەربازیی هەمەلایەنەی داڕشتووە کە ئامانج لێی ئەنجامدانی هێرشێکی چڕ و بەرفراوانە دژی ئێران، کە لە کۆبوونەوەیەکی باڵادا لە هاوینەهەواری کەمپ دەیڤید لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا تاوتوێ کراوە.  بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی «نیویۆرک تایمز» کە لە بەرپرسانی پنتاگۆنەوە دەستی کەوتووە، ئەم نەخشە سەربازییە لەسەر بنەمای ئۆپەراسیۆنێکی بەردەوامی ٧٢ کاتژمێری (سێ ڕۆژ) داڕێژراوە.

ئامانجە دیاریکراوەکانی هێرشەکە پێکهاتوون لە کۆگاکانی مووشەکی بالیستی، سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک، بنکە و هێڵەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)، ناوەندەکانی سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵی سەر بە سوپای پاسداران، هاوکات لەگەڵ ژێرخانی وزەی ئێران، بە مەبەستی تێکشکاندنی ئەو توانستە سەربازییانەی کە تاران دوای جەنگ هەوڵی نۆژەنکردنەوەی داون.  ئەم ئامادەکارییە سەربازییە هاوکاتە لەگەڵ بەهێزکردنی بێوێنەی پێگەی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا؛ فڕۆکەهەڵگری «تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت» کەناراوەکانی سان دیێگۆی جێهێشتووە و بڕیارە تا کۆتایی ئەم مانگە پەیوەندی بە هەردوو فڕۆکەهەڵگری «جۆرج بوش» و «جۆرج واشنتن»ـەوە بکات.

بەمەش بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و داگیرکردنی عێراقەوە، سێ کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی پێکەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر دەکرێن، لەگەڵ زیاتر لە ٢٠ هەزار دەریاوان و هێزی مارینز، هاوشانی سەدان فڕۆکەی جەنگی و هێلیکۆپتەری هێرشبەر. 

سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانەکانیدا جەختی لەوە کردبووەوە کە پێش هەڵبژاردنەکانی نوێکردنەوەی نیوەی خول هێرش ناکاتە سەر ئێران، بەڵام گۆڤاری «زە ئەتلانتیک» ئاشکرای کردووە کە کۆشکی سپی داوای لە پنتاگۆن کردووە بژاردەی هێرش بۆ سەر تاران وەک نمایشی هێز بەر لە هەڵبژاردنەکان ئامادە بکات تا کۆمارییەکان زۆرینەی کۆنگرێس لەدەست نەدەن.

هاوکات ماڵپەڕی «ئاکسیۆس» ڕایگەیاندووە کە فەرماندە ئەمریکییەکان ئەیال زامیری سەرۆک ئەرکانی ئیسرائیلیان لەم ئامادەکارییانە ئاگادار کردووەتەوە؛ لە کاتێکدا لایەنی ئیسرائیلی هۆشداریی داوە کە دەستپێکردنەوەی شەڕ ڕەنگە هەڵبژاردنەکانی ٢٧ی ئۆکتۆبەری ئیسرائیل دوابخات و لە هەمان کاتدا سوپای ئیسرائیل ئاستی ئامادەباشیی خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران بۆ بەرزترین ئاست بەرز کردووەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP