هەرێم نیوز
بەشی یەکەم: دیداری سەر ڕێگا و دوو ڕیشدرێژەکەی ناو ئاوێنەکە!
تەممووزی ٢٠٠٣...
بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق کەوتبوونە دەست سوپای ئەمریکا.
کەسێکی نزیک لە خێزانی سەدام پێی گوتم: سبەی کاتژمێر ١٠:٠٠ـی بەیانی، لەسەر ڕێگای (عەین جەحش)، نزیک تکریت دەبین. ئۆتۆمبێلەکەت بێنە دوو کەسی گرنگ هەن دەبێت بیانهێنیت بۆ موسڵ.
نەمپرسی کێن، تەنیا ڕازی بووم.
بەیانی گەیشتمە شوێنی مەبەست، ئۆتۆمبێلێکی (پیکاب دەبڵ قەمەرە)م پێ بوو و دوو کەس سەرکەوتنە کوشنەکانی دواوە.
لەکاتی شۆفێریدا، سەیرێکی ئاوێنەی ناوەڕاستی ئۆتۆمبێلەکەم کرد و خۆزگە هەرگیز سەیرم نەکردایە!
ریشیان هێندە درێژ بوو، گەیشتبووە سەر سنگیان، شێواو، بێدەنگ، و نقومی ترسێکی قووڵ بوون...
کەسەکەی تەنیشتم بە هێواشی پێی گوتم: "بۆچی سڵاو لە مامۆستاکان ناکەیت؟"
دووبارە سەیرێکی ئاوێنەکەم کردەوە... بە سەرسوڕمانەوە گوتم: "مامۆستا عودەی؟ مامۆستا قوسەی؟"
پێشتر هەرگیز لە نزیکەوە نەمبینیبوون، تەنیا لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە نەبێت کە هەموو عێراق لێیان دەترسا.
ئێستا هەردووکیان، وەک دوو کەسی تێکشکاو لە ئۆتۆمبێلەکەی مندا بوون.
عودەی بێ ئەوەی سڵاو بکات، یان بپرسێت من کێم، بە دەنگێکی خنکاو و پڕ لە دڵەڕاوکێوە گوتی:
"تەنیا لە دەوریەی ئەمریکییەکان دوورمان بخەوە... نامانەوێت بە هیچ شوێنێکدا بڕۆین کە ئەمریکیی لێ بێت!"
خوێن لە دەمارەکانمدا مەیی...
من دوو مرۆڤم هەڵنەگرتبوو، بەڵکو دوو بۆمبی ئەتۆمیم پێ بوو کە تەواوی سوپای ئەمریکا بەدوایاندا دەگەڕان!
لێرەوە زانیم ژیانی ئاسایی من کۆتایی هات و ڕێگام بەرەو گەڕەکی (بەرید) لە موسڵ گرتەبەر، بەرەو ماڵەکەی خۆم، بەبێ ئەوەی بزانن ئەو ماڵە دەبێتە گۆڕستانیان!.
کورتەیەک لەسەر نەواف زێدان، ئەو پیاوەی عودەی و قوسەی پەنایان بۆ برد:
نەواف کوڕی موختاری قەزای شنگال بوو. ساڵی ١٩٧٠ بەهۆی ئەوەی سەڵاحی برای ڕایکرد بۆ سووریا و بوو بە ئۆپۆزسیۆنی بەعس، خێزانەکەی کەوتنە بەر نەفرەتی دەوڵەت.
ساڵی ١٩٧٤، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەدام حوسێن، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەیان لە موسڵ. باوک و دوو لە براکانیان دەستگیر کرد و دەستیان بەسەر تەواوی سەروەت و سامان و خانووەکەیاندا گرت. نەواف کە ئەوکات تەمەنی تەنیا ١٦ ساڵ بوو، وەک تاقە پیاوی ماڵەوە مایەوە لەگەڵ دایکی و ٦ خوشکی، بۆ بژێوی ژیانیان لە کارگەیەکی ئارد بوو بە حەماڵ.
سەرباری ئەم ڕابردوو و مێژووە پڕ لە ئازارەی کە سەدام بەسەر ئەم خێزانەیدا هێنا، چارەنووس یارییەکی سەیر دەکات... دوای نزیکەی ٣٠ ساڵ لەو ڕووداوە، کوڕەکانی سەدام حوسێن (عودەی و قوسەی) ڕێک دێنە ناو ماڵی ئەم پیاوەوە خۆیان دەشارنەوە!"
بەشی دووەم: پاشاکان لە نهۆمی دووەم و بینینی سەدام حوسێن لە تلول باج!
گەیشتینە ماڵەکەم لە گەڕەکی بەرید و بەبێ ئەوەی کەس بیانبینێت، بردیانمە نهۆمی دووەم و ژوورەکانم بۆ چۆڵ کردن، تەنانەت سەتەلایت و هێڵی کارەبای بەردەوامیشم بۆ ڕاکێشان، وامدەزانی ئەمانە بە رێزەوە و وەکو میوانێکی ترساو ڕەفتار دەکەن!، بەڵام نەخێر... بەڵام ئەوان هێشتا بە عەقڵیەتی پاشاکانەوە دەژیان!
کاتێک خواردنم بۆ دەبردن، نەیاندەهێشت لەگەڵیان دابنیشم و نان بخۆم!
شەوان، کاتێک دەچوونە ژوورەوە، دەرگاکەیان لەسەر خۆیان قفڵ دەدا... و کلیلی ژوورەکەی منیان دەبرد!
بە واتایەکی تر، من لەناو ماڵەکەی خۆمدا، ببوومە زیندانیی ئەوان.
ڕۆژی سێیەم بوو، ڕۆژی هەینی...
لە مزگەوتەکەی بەرامبەر ماڵەکەم، مەلایەک لە وتارەکەیدا ڕەخنەی لە ڕژێمی سەدام حوسێن دەگرت.
عودەی بە تووڕەییەوە سەیری قوسەی کرد و گوتی:
"ئەوە کێیە ئاوا قسە بە باوکمان دەڵێت؟ حەقوایە بچین و ئەو مزگەوتە بتەقێنینەوە" سەرم سوڕما! دەوڵەت ڕووخاوە و ئەمریکا بەدوایانەوەیە، کەچی ئەوان هێشتا بیریان لای سزادانی خەڵک بوو.
دواتر کوڕە ١٦ ساڵانەکەم (شەعلان)یان لەگەڵ خۆیان برد بۆ تکریت و بێگومان نەمئەتوانی بڵێم نەخێر! و چوون بۆ ناوچەی (تلول باج)
کاتێک گەڕانەوە، کوڕەکەم بە چرپەوە پێی گوتم:
"باوکە، لەوێ چاویان بە پیاوێک کەوت... دەموچاوی پێچرابوو، دوو کاتژمێر قسەیان لەگەڵ کرد."
منیش دەمزانی ئەو پیاوە کێیە... دڵنیابووم سەدام حوسێن بوو! باوکیان بینیبوو و گەڕابوونەوە و لەکاتی گەڕانەوەیاندا، لە نێوان کەرکووک و موسڵ و لە ناوچەی فەتحە کەوتبوونە بۆسەی بازگەیەکی چەکدارە نەناسراوەکان.
چەکدارەکان عودەی و قوسەییان لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا ناسیبووەوە و دەستبەجێ دەستڕێژی گوللـە لە ئۆتۆمبێلەکەی کوڕەکەم کرا...
شەعلان، بە ترسی مەرگەوە، بە شێوازی زیگزاگ و بە خێراییەکی شێتانە ئۆتۆمبێلەکەی لێخوڕیبوو تا توانیبووی لە ژێر بارانی گوللـەکان دەربازیان بکات.
کاتێک گەڕانەوە، کوڕەکەم لە ترسا ڕەنگی زەرد هەڵگەڕابوو و دەلەرزێ...
کەچی عودەی پێدەکەنی و دەستخۆشیی لێ دەکرد!
هەر ئەو شەوە، داوایەکی سەیریان لێ کردم و عودەی گوتی: "دەتوانیت بڕۆیت بۆ لوبنان؟ پێویستمان بە چوار پاسپۆرتی ساختەیە..."
لێرەدا تێگەیشتم کە بەتەمای هەڵاتنن!
بەڵام کێشەکە ئەوە بوو... ئەوان بڕیاریان نەدەدا کەی دەڕۆن و کەی دەمێننەوە، ئەوان ماڵەکەی منیان کردبووە بارەگایەک بۆ خۆیان و چارەنووسی منیان خستبووە سەر لێواری مەرگ!
بۆیە، دەبوو بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدەم...
بەشی سێیەم: داواکارییە شێتانەکانی عودەی!
ڕۆژەکان تێدەپەڕین...
عودەی و قوسەی لە نهۆمی دووەمی ماڵەکەمدا مابوونەوە.
تەواوی سوپای ئەمریکا بەدوایاندا دەگەڕان... کەچی داواکارییەکانی عودەی مرۆڤی تووشی شۆک دەکرد!
داوای جلی ئەفغانیی دەکرد بۆ خۆی و براکەی.
داوای قازیفە و کامێرای ڤیدیۆیی دەکرد، تا هێرش بکەنە سەر بنکەیەکی پۆلیسی زهوور و دواتر وێنەکەی بۆ کەناڵی (جەزیرە) بنێرن، بۆ ئەوەی پیشانی بدەن هێشتا شەڕ دەکەن!
تەنانەت لەناو ئەو گەمارۆیەدا داوای گۆشتی کیسەڵی نێرەی دەکرد (ڕەفش)، داوای پاقڵاوەی دەکرد!
بۆ کڕینی کارتی کەناڵی (شۆوتایم)ـی ئەمریکی و چکلێت و نەستەلەی کیت کات، ناردیانین بۆ شاری دهۆک.
کاتێک لە دهۆک گەڕاینەوە، عودەی لێمان تووڕە بوو، تەنیا لەبەر ئەوەی دۆندرمەی فستقم بۆ نەهێنابوو!
سەیرم لێ دەهات؛ وڵاتەکەی لەدەست دابوو، کەچی خەمی جۆری دۆندرمەکەی بوو.
ئەو شەوە، عودەی قسەیەکی کرد کە خوێنی لە دەمارەکانمدا سڕ کرد! ڕووی تێکردم و گوتی:
"نەواف... لەمڕۆ بەدواوە ئێمە میوان نین! مەساریفی خواردنی ناو ماڵەکە، پەنجا بە پەنجا لەسەر هەردووکمان دەبێت!"
لێرەدا هەموو شتێک ڕوون بووەوە...
ئەوان نەک بەتەمای ڕۆیشتن نەبوون، بەڵکو ماڵەکەی منیان کردبووە قەڵای شەڕی کۆتایی خۆیان.
کوڕەکەم خەریک بوو بکوژرێت، خێزانەکەم ببوونە بارمتە، و ژیانم لەسەر دەزوویەک مابووەوە.
دەبوو کۆتایی بەم مۆتەکەیە بهێنم...
بەشی چوارەم: شەڕی نێوان دوو براکە و ڕۆیشتن بەرەو بنکەی ئەمریکییەکان!
ڕۆژی دواتر، کەسێکی تر هاتە ناو ماڵەکەم...
مستەفای تەمەن ١٣ ساڵ، کوڕەکەی قوسەی بوو.
منداڵ بوو، بەڵام بە هەمان عەقڵیەتی باوکی دەیدوان.
کاتێک سەرکەوتە سەربانەکە، ڕووی تێکردم و گوتی:
"نەواف... خەمت نەبێت، کاتێک دەسەڵات وەردەگرینەوە، دەتکەین بە وەزیر!"
تێگەیشتم تەنانەت منداڵەکانیشیان لە وەهمێکی گەورەدا دەژین.
ئەو شەوە، دەنگی هاوار و جنێودان لە ژوورەکەیانەوە دەهات.
دەرگاکەیان لەسەر خۆیان داخستبوو.
چوومە ژوورەوە، هەردووکیان ڕەنگیان زەرد هەڵگەڕابوو و لەبەردەم یەکتر وەستابوون.
دەمارەکانی گەردنیان ئەستوور ببوو...
عودەی هاواری دەکرد و بە قوسەی دەگوت:
"حەرەس جمهورییەکەت لەکوێ بوو؟ تۆ عێراقت دۆڕاند!"
قوسەی بە تووڕەییەوە وەڵامی دەدایەوە:
"ئەی فیداییەکانی تۆ لەکوێ بوون؟ بۆ بەرگریتان نەکرد؟"
ئەو دوو پیاوەی ڕۆژگارێک هەموو عێراق لە ترسیان دەلەرزین، ئێستا لەناو ژوورێکی تاریکدا وەک دوو دۆڕاو یەکترییان تاوانبار دەکرد!
ئیتر گەیشتبوومە لوتکەی بێزاری و ترس.
دەمزانی ئەگەر ئەمریکییەکان بەم ماڵە بزانن، بە مووشەک تەختی زەوی دەکەن و هەموومان دەبینە خۆڵەمێش.
چوومە لای سەڵاحی برام.
پێم گوت: "سەڵاح... ئەمڕۆ یان سبەی دەبێت بیانبەیتە دەرەوە لە ماڵەکەم! بە خودا ئەگەر نەیانبەیت، دەچم خەبەریان لێ دەدەم!"
سەڵاح پێی گوتم: "خۆت تێک مەدە، کاتم بەرێ..."
بەڵام من دەمزانی ئیتر کات تەواو بووە.
٢١ی تەممووزی ٢٠٠٣... ڕێک ڕۆژێک پێش ڕووداوە خوێناوییەکە.
بەیانی زوو، بە تەنیا سواری ئۆتۆمبێلەکەم بووم.
بەرەو کۆشکە سەرۆکایەتییەکەی موسڵ بەڕێکەوتم، ئەو شوێنەی کە ببووە بارەگای سەرەکیی سوپای ئەمریکا.
لەبەردەم دەرگاکە، سەربازە ئەمریکییەکان بە چەکەوە وەستاندمیان.
من بە ئینگلیزی نەمئەزانی قسە بکەم...
وەرگێڕێکی عەرەبیان بانگ کرد.
سەیری ناو چاوی وەرگێڕەکەم کرد و بە دەنگێکی نزم گوتم:
"زانیارییەکی زۆر مەترسیدارم پێیە... دەمەوێت گەورەترین بەرپرسی هەواڵگریی ئەمریکا ببینم!"
وەرگێڕەکە بە سەرسوڕمانەوە سەیری کردم... نەیدەزانی ئەو نهێنییەی لە سنگی مندایە، تا چەند کاتژمێری داهاتوو تەواوی جیهان دەهەژێنێت!
ڕۆژی ٢٢ی تەممووز... کاتژمێری سفر و دەستپێکی هێرشە گەورەکە!
بەشی پێنجەم و کۆتایی: کاتژمێری سفر... بۆردوومان، چوار تەرم و 30 ملیۆن دۆلار!
لە کۆشکەکانی سەرۆکایەتیی موسڵ پێیان وتم، ئەگەر دەتەوێت کەسی گەورە و دەسەڵاتدار ببینی، دەبێتە بچیتە فڕۆکەخانە..
گەیشتمە فڕۆکەخانەی موسڵ...
بردمیانە لای گەورەترین فەرماندەی سوپای ئەمریکا، جەنەراڵ (پێترایۆس).
لێی پرسیم: "چیت پێیە؟"
بە وەرگێڕەکەم گوت: "پێی بڵێ... عودەی و قوسەی لەناو ماڵەکەی مندان!"
جەنەراڵ لە شوێنی خۆی ڕاچڵەکی و ڕەنگی پەڕی... بێ ئەوەی یەک وشەی تر بڵێت، ژوورەکەی جێهێشت و پەیوەندی بە واشنتۆنەوە کرد.
شەش کاتژمێری ڕێک، بە ئامێری پشکنینی درۆ (پۆلیگراف) لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کردم.
پێم وت، ئێوە کات دەکوژن و ئەوان ئێستا گومان دەکەن من ئەوەندە کات لەماڵەوە نیم!
وایان دەزانی بۆسەیە بۆ سەربازەکانیان، زیاتر لە دە جار دڵنیاییان لێم وەرگرت، کاتێک دڵنیا بوونەوە، نەخشەی ماڵەکەیان بە مانگی دەستکرد هێنایە بەردەمم.
ڕێککەوتین:
دەبێت خێزانەکەم دەرباز بکەم، کاتژمێری سفری هێرشەکەش 9:00ـی بەیانی دەبێت.
22ی تەممووزی 2003...
کاتژمێر 6:00ـی بەیانی، بە بیانووی نانخواردن، ژن و کچەکانمم بردە چێشتخانەیەکی ناوچەی (غابات) و لەوێ جێمهێشتن.
تەنیا کوڕەکەم (شەعلان) بە نهێنییەکەی دەزانی.
گەڕاینەوە بۆ ماڵەوە...
عودەی و قوسەی هێشتا لە نهۆمی دووەم خەوتبوون، بێئاگا لەوەی مەرگ لە دەرگای داوە.
کاتژمێر نزیکی 9:00 بوو...
لە دەرگای ماڵەکەم درا.
دەرگام کردەوە، سەدان سەربازی ئەمریکی و دەیان زرێپۆش گەڕەکی (بەرید)یان تەنیبوو.
بە بڵندگۆ هاواریان دەکرد: "خۆتان تەسلیم بکەن!"
من و کوڕەکەم بە خێرایی لە پشتی ماڵەکەوە ڕفێندراین بۆ ناو زرێپۆشێک.
دەنگی یەکەم تەقە لە نهۆمی دووەمەوە هات...
پاشان، دۆزەخ بەرپا بوو!
بۆ ماوەی چوار کاتژمێری ڕێک، بە مووشەک، تۆپ و فڕۆکەی هێلیکۆپتەر ماڵەکەیان کێڵا.
تەواوی نهۆمی دووەم بووە خۆڵەمێش.
دەنگی تەقە بڕایەوە.....!
تەنیا یەک سەربازی ئەمریکی بە سووکی بریندار بوو، ئەویش بەهۆی پاشماوەی مووشەکی خۆیان بوو..
چوار تەرمیان لەناو وێرانەی ماڵەکەم دەرهێنا و خستیانە ناو فڕۆکەیەک؛ عودەی، قوسەی، مستەفای کوڕی قوسەی، و پاسەوانەکەیان.
ئێمەیان گواستەوە بۆ شوێنێکی پارێزراو.
لەوێ، بەرپرسانی ئەمریکی چەکێکی بانکی گەورەیان هێنایە بەردەمم کە لەسەری نووسرابوو:
30،000،000 دۆلار - سی ملیۆن دۆلار.
هەر هەمان شەو، لەگەڵ خێزانەکەم ئێمەیان بە فڕۆکەیەکی سەربازی بردە کوێت و لەوێشەوە بۆ شوێنێکی نادیاری جیهان...
ئەو دوو پیاوەی ڕۆژگارێک بە ئاماژەی پەنجەیەک چارەنووسی عێراقیان دەگۆڕی و لە ژوورەکەی مندا خوێنیان وشک بوو.
ماڵەکەم وێران بوو، ژیانم بۆ هەمیشە گۆڕا، و مێژووی خوێناوی بنەماڵەی سەدام حوسێن لەوێدا کۆتایی هات!.
دیدار لەگەڵ نەواف زێدان.
تێبینی ئامادەکار: ئەم چیرۆکە یەکجار درێژ و بە وردەکاری بوو و لە چەناڵەکانی سۆشیاڵ میدیا بەربڵاوە، من وەرگێڕان و پووختم کردنەوە.
ئامادەکردنی، ھەڵۆ کاکەوەیس