هەرێم نیوز
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەیگەیەنێت، قۆناخی ئێستا گونجاوترین دەرفەتە بۆ زامنکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ و داواش دەکات پشکی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی ١٤.١٤٪ جێگیر بکرێت.
ئەمڕۆ شەممە، ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، د. ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "فەیسبووک"، بڵاوی کردەوە کە بڕیارە ئەم هەفتەیە دانوستانەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق دەست پێ بکەنەوە.
حاڵەتی یاساییی ڕەشنووسی بودجە و سنووری دەسەڵاتی پەرلەمان
هەروەها سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوە دا، پڕۆژەی یاسای بودجە هێشتا لە قۆناخی ڕەشنووسدایە و نەبووەتە پڕۆژەیاسای پەسەندکراو، ڕەشنووسەکەش کاتێک دەبێتە پڕۆژەیاسا کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسەند بکرێت و بۆ پەرلەمانی عێراق بنێردرێت.
د. ئامانج ڕەحیم ئەوەی خستە ڕوو کە ئەم قۆناخە ئاسانترین و گونجاوترین دەرفەتە بۆ ڕێککەوتن لەسەر جێگیرکردنی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بە ١٤.١٤٪ و زامنکردنی ماف و شایستە داراییەکان.
سەبارەت بە گرنگیی ئەم قۆناخە، ئامانج ڕەحیم باسی لەوە کرد، بەپێی بڕگەی دووەمی ماددەی ٦٢ی دەستووری عێراق، ماددەی ١٢ی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠١٩ و بڕگەی سێیەمی ماددەی ١٧ی یاسای پەرلەمانی عێراق ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠١٨، دەسەڵاتی پەرلەمانی عێراق لە گۆڕینی بڕە داراییەکانی بودجەدا سنووردارە و تەنیا دەتوانێت گواستنەوە و کەمکردنەوە بکات، بۆ زیادکردنی خەرجییەکانیش تەنیا دەتوانێت پێشنیاز بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بکات نەک بڕیار بدات.
لە کۆتاییدا سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران بە پێویستی دەزانێت، پرسە هەڵپەسێردراوەکان لە قۆناخی ئێستای ڕەشنووسکردندا یەکلایی بکرێنەوە و بۆ قۆناخەکانی دواتر دوا نەخرێن، چونکە دوای پەسەندکردنی پڕۆژەکە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران و ناردنی بۆ پەرلەمانی عێراق، دانوستان و ئەنجامدانی گۆڕانکاری ئاڵۆزتر و دژوارتر دەبێت.