هەرێم نیوز
پڕۆژەی ڕووناکی ئاشکرای کرد کە تا ئێستا ١٨٠ هەزار هاوبەش لە داشکاندنی قەرزی کارەبا سوودمەند بوون و داهاتەکەی زیاتر لە ٤٢٠ ملیار دینار بووە، و ئاماژەی بەوەش کرد کە لێخۆشبوونی قەرزی کارەبا تا دوو ڕۆژی تر بەردەوام دەبێت.
وردەکاریی لێخۆشبوون لە قەرزی کۆنی کارەبا
پڕۆژەی ڕووناکی بڵاوی کردەوە، لە دوو قۆناغی لێخۆشبووندا بە گشتی زیاتر لە ٣٥٠ ملیار دینار لێخۆشبوون بۆ ئەو هاوبەشانە کراوە کە قەرزی کۆنی کارەبای پێش پڕۆژەی ڕووناکییان لەسەر بووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا ١٨٠ هەزار هاوبەش لە لێخۆشبوونی قەرزی کۆنی کارەبا بە ڕێژەی ٥٠٪ سوودمەند بوون و ٧٢ هەزار هاوبەشی دیکەیش ماون قەرزەکانیان بگەڕێننەوە.
پڕۆژەی ڕووناکی ئەوەشی خستە ڕوو کە داهاتەکەی زیاتر لە ٤٢٠ ملیار دینار بووە و ئێستا ٦٠٪ـی هاوبەشانی ماڵان هیچ قەرزێکی پێش پڕۆژەی ڕووناکییان لەسەر نییە؛ هاوکات ٤٠٪ـی هاوبەشان قەرزی کۆنی کارەبایان لەسەر ماوە کە نیوەیان قەرزەکەیان کەمترە لە ٢٠٠ هەزار دینار.
جێگەی ئاماژەیە، لێخۆشبوونی قەرزی کارەبا تا دوو ڕۆژی تر بەردەوام دەبێت و لە ١٩ی ئەم مانگەوە (تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦) قەرزی هاوبەشانی کارەبا ڕاستەوخۆ دەگۆڕێت بۆ قیستی مانگانە.