هەرێم نیوز
سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەلی فالح زەیدی، بە فەرمی پڕۆژەی دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەویی نیشتەجێبوونی بەسەر ئەو خێزانانەدا ڕاگەیاند کە خاوەنی خانووی خۆیان نین، و بەڵێنیشی دا حکومەت هاوکارییان بکات لە پرۆسەی دروستکردنی خانووەکانیاندا.
ئەمڕۆ شەممە، 10ـی 10ـی 2026، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە عەلی زەیدی لە سەردانێکیدا بۆ پارێزگای کەربەلا، دەستپێشخەریی (وەتەنی) بۆ پڕۆژەی یەک ملیۆن پارچە زەویی نیشتەجێبوونی ڕاگەیاندووە.
پڕۆژەکە لە کەربەلاوە دەستی پێکردووە کە 60 هەزار پارچە زەوی وەک پشکی ئەو پارێزگایە دیاریکراوە.
عەلی زەیدی لە میانی وتارێکیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم سەردانەی تەنها بۆ دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەکە نییە، بەڵکو بۆ چەسپاندنی مافێکە کە هاووڵاتیی عێراقی ساڵانێکە چاوەڕێی دەکات.
هەروەها ڕوونیکردەوە کە هەڵبژاردنی کەربەلا بۆ ڕاگەیاندنی پڕۆژەکە لەبەر ئەوەیە کە شارەکە سیمبولی چاکسازییە.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووش، ئاشکرای کرد کە پارێزگاکانی نەجەف و نەینەوا و دواتریش پارێزگاکانی دیکە دەبنە وێستگەکانی داهاتووی ئەم پڕۆژەیە.
سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە لە قۆناغی داهاتوودا دابەشکردنی سەنەدەکان دەست پێدەکات و بەڵێنێکە کە پاشگەزبوونەوەی تێدا نییە، ئامانجیش لێی ڕزگارکردنی هاووڵاتییانە لە نیگەرانی و بارگرانیی کرێنشینی.
هەروەها دڵنیایی دا کە زەوییەکان بە شێوازێکی ڕێکخراو سەرجەم خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانیان بۆ دابین دەکرێت و ئەم دەستپێشخەرییەش هیچ تێچوویەک ناهێنێتە سەر بودجەی گشتیی وڵات.