دواین هەواڵ

عێراق‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

عێراق و ئەمریکا قۆناغی دوای هاوپەیمانان و قەیرانە ئابوورییەکان تاوتوێ دەکەن

هەرێم نیوز

وەزیری دەرەوەی عێراق لە شاری ئیستەنبوڵی تورکیا لەگەڵ نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا قۆناغی دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان، ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و پرسی گۆڕانکارییەکانی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار تاوتوێ کران.

ئەمڕۆ شەممە، 10ـی 10ـی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە، لە شاری ئیستەنبوڵی تورکیا پێشوازیی لە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا کردووە.

 لە دیدارەکەدا هەردوولا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و واشنتنیان لەم قۆناغەدا خستە بەر باس، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و ئاسۆی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە قۆناغی داهاتوودا.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، بەشێکی گرنگی کۆبوونەوەکە تەرخان کراوە بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ناوچەکە و ئەو ململانێیانەی کە کاریگەرییان لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە هەیە. 

هاوکات، دۆخی دارایی و ئابووریی عێراق و ئەو پێشهاتانەی پەیوەستن بە گۆڕانکاری لە نرخی ئاڵوگۆڕی دیناری عێراقی تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان بوون. 

لە کۆتاییشدا، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندی و ڕاوێژ و سازدانی کۆبوونەوەی هاوبەش کردەوە بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر پرسە جێبایەخە هاوبەشەکان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP