دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

کۆگایەکی سووتەمەنی لە تانجەرۆی سلێمانی ئاگری گرت

هەرێم نیوز

کۆگایەکی بەنزین لە ناوچەی تانجەرۆی شاری سلێمانی ئاگری گرت و بەهۆیەوە کۆگاکە بە تەواوی سوتا؛ وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانیش دەڵێت کە لە ئێستادا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە، و بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، ڕووداوەکە لە کاتی بەتاڵکردنی سووتەمەنیدا هەڵگیرساوە.

وردودرشتی ڕووداوەکە و کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە
ئارام عەلی، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "کاتژمێر ٩:٣٠ی بەیانیی ئەمڕۆ ئاگادار کراینەوە لە بوونی ئاگرێک لە کۆگایەکی بەنزین لە ناوچەی تانجەرۆی سلێمانی و بەهۆیەوە کۆگاکە بە تەواوی سوتا."

ئاماژەی بەوەش کرد کە تیمەکانیان دەستبەجێ - کە لە ١٠ تیم پێکهاتبون - گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و توانیان لە ماوەی کاتژمێرێکدا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن؛ بەهۆی ئاگرەکەوە تەنیا ئەو کۆگایە بە تەواوی سوتاوە و سەرجەم کۆگاکانی دیکە ساردکردنەوەیان بۆ کراوە و پارێزراون.

لەبارەی هۆکاری ئاگرەکەوە، ناوبراو ڕوونی کردەوە کە لە ئێستادا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن بۆ دڵنیابوونەوە لە هۆکاری ڕووداوەکە و بوون یان نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی لەو کۆگایەدا، و دواتر رای گشتی لێ ئاگادار دەکەنەوە.

هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو کە لە نزیک ناحیەی عەربەت کۆمپانیایەک سەرقاڵی دروستکردنی ناوچەیەکە بۆ کۆگاکانی سووتەمەنی و لە ئێستادا بازرگانان سەرقاڵی وه‌رگرتنی فۆڕمی خۆتۆمارکردنن.

زنجیرەی ئاگرکەوتنەوەکانی سووتەمەنی لە سلێمانی
لە ئەمساڵدا لە شاری سلێمانی چەندین ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی پەیوەندیدار بە کۆگا و شوێنەکانی سووتەمەنی تۆمار کراون:

٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦: ئاگر لە شوێنێکی نایاسایی فرۆشتنی بەنزین بە دەبە و خەزان لە هەواری شار کەوتەوە و دوکەڵێکی چڕی لێ کەوتەوە، بێ ئەوەی زیانی گیانی هەبێت.

١٨ی ئابی ٢٠٢٦: ئاگرێکی گەورە لە ناو کۆگایەکی سووتەمەنی لەناو باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی کەوتەوە.

١٨ی ئابی ٢٠٢٦: ئاگرێکی گەورەی تر لە کۆگایەکی گەورەی سووتەمەنی و بەنزین لە ناوچەی تانجەرۆ کەوتەوە کە سەرەتا لە تەنکەرێکی گواستنەوەوە دەستی پێ کردبوو.

تیمەکانی بەرگریی شارستانی بەردەوام هۆشداری دەدەن لە کۆگاکردنی نایاسایی و ناڕێکی سووتەمەنی لەناو گەڕەکەکان و شوێنە گشتییەکاندا بەهۆی ئەو مەترسییە گەورەیەی کە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان دروستی دەکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP