دواین هەواڵ

کوردستان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

عێراق ڕەتیدەکاتەوە ڕێککەوتنی لەگەڵ تاران کردبێت بۆ دەرکردن یان ڕادەستکردنی ئۆپۆزسیۆنی ئێران

هەرێم نیوز

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە ڕاوێژکاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند که لە کۆبوونەوە ئەمنییەکانی نێوان عێراق و ئێراندا بە هیچ شێوەیەک باس لە دەرکردن یان ڕادەستکردنی ئۆپۆزسیۆنی ئێران نەکراوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرچاوەیەکی بەرپرس ئاشکرای کرد که قسەکردن لەسەر بوونی ڕێککەوتنی عێراق و ئێران بۆ ڕادەستکردنی ئەندامانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بە دەسەڵاتدارانی تاران، سەرتاپا ناڕاستە و هیچ بڕیارێکی عێراقیش نییە بۆ دەرکردنی ئەو گرووپە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنانە لە وڵات، و ئاماژەی بەوەش دا که ئەو گرووپانە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئامادەن و پابەندن بە یاساکانی عێراقەوە.

ئەم لێدوانە لە وەڵامی نووسینێکی محەمەد کاظم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراقدا دێت که لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی «ئێکس» بڵاوی کردبووەوە کە ئێران و عێراق ڕێککەوتوون لەسەر دەرکردنی ئۆپۆزسیۆنی کوردیی ئێران لە هەرێمی کوردستان یان ڕادەستکردنەوەیان بە تاران.

جێگەی باسە، پێشتریش دەزگای ڕاوێژکاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە ڕاگەیەندراوەکەیدا لەبارەی کۆبوونەوەی بەرپرسانی ئەمنیی عێراق و ئێران،، هیچ ئاماژەیەکی بە ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە نەکردبوو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP