دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

حکوومەتی هەرێمی کوردستان: لە ڕێگەی پڕۆژەی «ئی-پسوولە»وە زیاتر لە 3 ملیۆن مامەڵە ئەنجام دراون

هەرێم نیوز

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند که لە ڕێگەی پڕۆژەی «ئی-پسوولە»وە زیاتر لە 3 ملیۆن مامەڵەی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە سەرتاسەری هەرێمدا ئەنجام دراون.

ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا که لە کاتی دەستپێکردنی پڕۆژەی ئی-پسوولە لە سەرەتای ئەمساڵەوە، ئەم ژمارە زۆرەی مامەڵە ئەلیکترۆنییانە وەک هەنگاوێکی گرنگ لە پرۆسەی بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان لەقەڵەم دەدرێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، لە ڕێگەی سیستەمی ئی-پسوولەوە، ئێستا هاووڵاتییان دەتوانن بەبێ هیچ کرێ و تێچوویەکی زیادە، پارەی پسوولەکانی کارەبا و رسووماتی شارەوانی لە ڕێگەی نۆ بانک و جزدانی دیجیتاڵیی ڕێگەپێدراوەوە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە بدەن، و حکوومەت پلانی هەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا خزمەتگوزارییە حکوومەتییەکانی تریش بخاتە سەر سیستەمەکە بە ئامانجی ئەوەی تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2028 ڕێژەی 90%ـی سەرجەم شایستە داراییەکان بە شێوازی ئەلیکترۆنی کۆبکرێنەوە.

جێگەی باسە، پڕۆژەی «ئی-پسوولە» لە مانگی شوباتی 2026 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیەندرا و وەک بەشێک لە کارنامەی چاکسازی و بەدیجیتاڵکردنی سیستەمی دارایی لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP