دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆ دەنگۆی پێدانی تابلۆی ئەمنی بە ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا ڕەت دەکاتەوە

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەنگۆی پێدانی کۆد و تابلۆی ئەمنی بە ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و تۆمارنەکراو ڕەت کردەوە و جەختی لەوە کردەوە که ئەو هەواڵانە دوورن لە ڕاستییەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆ لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا که لە هەندێ کەناڵی میدیایی باس لە پێدانی کۆد و تابلۆی ئەمنی بە ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و تۆمارنەکراو دەکرێت، و ڕایگەیاند که ئەم دەنگۆیانە هیچ پەیوەندییەکی بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆوە نییە، کە تاکە لایەنی فەرمی و یاساین بۆ تۆمارکردن و پێدانی تابلۆ بە ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل لە هەرێمی کوردستان.

هاتووچۆی هەرێم ڕوونی کردەوە که بەدەر لە ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و ڕێکارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ، ئەرکی هیچ دامەزراوەیەکی دیکە نییە ڕێکار بۆ تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل دابنێت بە هیچ ناوێک و لەبەر هیچ هۆکارێک، و جەختی کردەوە که هەر ئۆتۆمبێلێک بە فەرمی تابلۆی یەکێک لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، یان تابلۆی پارێزگاکانی عێراق یان تابلۆی بیانیی فەرمی پێ نەدرابێت،، بە بێ تابلۆ هەژمار دەکرێت.

لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەدا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆ هوشداری دا که هەر ئۆتۆمبێلێکی لەو شێوەیە بکەوێتە بەرچاوی تیمەکانی پۆلیسی هاتووچۆوە، دەستبەجێ ڕووبەڕووی ڕێکاری توندی یاسایی دەبێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP