دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

بۆچی زۆربەی خەڵک لە کاتی خەودا هەست بە کەوتنەخوارەوە دەکەن؟ پسپۆڕێک هۆکارەکەی ئاشکرا دەکات

هەرێم نیوز

ڕەنگە بۆ زۆربەمان ڕووی دابێت لە کاتی خەودا هەست بە کەوتنەخوارەوەیەکی لەناکاو، داڕمانی قادرمە، کەوتنی بەرزکەرەوە (ئەسانسۆر)، یان پەیدابوونی چاڵێکی قووڵ لەژێر پێماندا بکەین؛ لەم بارەیەوە ئیرینا فرۆلۆڤا، پسپۆڕی بواری خەو و دەروونناسی، هۆکاری زانستیی ئەم دیاردە باوە ڕووندەکاتەوە.

بە وتەی ئەو پسپۆڕە، تەفسیرەکە زۆر سادەیە؛ زۆربەی ترسەکانی مرۆڤ پەیوەستن بە "لەدەستدانی کۆنترۆڵ"، چونکە کەوتنەخوارەوە و داڕمان ئەو دۆخانەن کە مرۆڤ لە ڕووی جەستەییەوە هیچ کۆنترۆڵێکی بەسەریاندا نییە، مێشکی مرۆڤیش هەموو لەدەستدانی کۆنترۆڵێک وەک کەوتنەخوارەوە لە قەڵەم دەدات.

فرۆلۆڤا ئاماژە بەوە دەکات، ئەمە هۆکاری سەرەکییە کە وا دەکات لە کاتی دڵەڕاوکێ و فشاردا خەڵک لە سەرانسەری جیهاندا خەوی هاوشێوە ببینن؛ هەستی لەدەستدانی هاوسەنگی هەستێکی گشتییە لەلای هەمووان، بەڵام جۆری وێنەکانی ناو خەوەکە (وەک کەوتنی بەرزکەرەوە، داڕمانی پەیژە، یان کەوتنە ناو چاڵ) پەیوەستە بە ئەزموونی کەسیی هەر تاکێکەوە، چونکە مێشک ناتوانێت وێنەیەک دروست بکات کە پێشتر نەیبینیبێت و بۆی نامۆ بێت.

لە کۆتاییدا ئەو پسپۆڕە جەخت دەکاتەوە، گرنگ نییە لە خەوەکەدا چی دەبینیت، بەڵکو پەیامی سەرەکیی مێشک یەک شتە: هەستکردن بە بێدەسەڵاتی و نەبوونی کۆنترۆڵ بەسەر ڕووداوەکانی ژیاندا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP