ھەرێم نیوز
ئیلۆن ماسک، ملیاردێر و خاوەنی کۆمپانیاکانی «تێسلا» و «سپەیس ئێکس»، ئامۆژگارییەکی تا ڕادەیەک سەیری پێشکەش بە شوێنکەوتووانی کرد لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی «ئێکس»، بۆ کەمکردنەوەی ترشەڵۆک و سووتانەوەی گەدە لە کاتی خەودا؛ ئەویش لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی بەشی سەرەوەی جێگەی خەو بە بەکارهێنانی کۆمەڵێک کتێب.
ماسک ڕوونی کردووەتەوە کە ئەو چەند کتێبێک دەخاتە ژێر پایەکانی جێگەی خەوتنەکەی لە لای سەرەوە، بە جۆرێک هەموو جێگەکە کەمێک لاری دروست بکات بەرەو لای قاچەکان، تا یارمەتیی پڕۆسەی هەرسکردن و کەمکردنەوەی گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە (ڕیفلاکس) بدات.
ناوبراو پێشتریش ئامۆژگاریی دابوو کە بە لایەنی کەمەوە سێ کاتژمێر بەر لە خەوتن خواردن نەخورێت.
لە ڕوانگەی زانست و توێژینەوە پزیشکییەکانەوە (بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی «دەیلی مەیڵ»ی بەریتانی)، ئەم شێوازە لە ڕووی زانستییەوە بەڵگەی لەسەرە کە بەسوودە؛ توێژینەوەیەک لە ساڵی ٢٠١٢ دەریخستووە کە ٦٥٪ی بەشداربووان دوای بەرزکردنەوەی لای سەری جێگەکەیان بە نزیکەی ٢٠ سانتیمەتر، کێشەی خەو و گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدەیان باشتر بووە، هاوکات پێداچوونەوە بە پێنج تاقیکردنەوەی تردا لەسەر ٢٢٨ نەخۆش هەمان ئەنجامی دڵخۆشکەری هەبووە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، پزیشکان هۆشداری دەدەن کە ئەم ڕێگەیە بۆ هەموو کەسێک گونجاو نییە؛ توێژینەوەیەکی تر لە ساڵی ٢٠٢٠ ئاماژەی بەوە کردووە کە بەرزکردنەوەی جێگەکە بووەتە هۆی گلەیی و کاریگەریی لاوەکی، لەوانە: خلیسکان لەسەر جێگە لە کاتی خەودا، دروستبوونی ئازاری مل و ئازاری بەشی خوارەوەی پشت.
پسپۆڕان جەخت لەوە دەکەنەوە کە سوودەکە لە لاربوونەوەی پلەبەندیی جێگەکەیە بۆ ئەوەی ترشەڵۆکەکە بەهۆی هێزی کێشکردنەوە بەرز نەبێتەوە بۆ ناو سورێنچک، نەک بەکارهێنانی کتێب بە تەنیا، و دانانی سەرین لەژێر سەر بە جیاوازی هەمان کاریگەریی نابێت چونکە دەبێتە هۆی پەستان لەسەر مل.