هەرێم نیوز
فەرمانگەیەکی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەرمانێکی ساختە ئاشکرا دەکات و هاووڵاتییان و دەرمانخانەکانی لێ ئاگادار دەکاتەوە.
ئاشکراکردنی جۆری دەرمانەکە و باچە ساختەکەی
بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵکردنی هێنان و دروستکردنی دەرمان و ئامێر و پێداویستیی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان (KMCA) بڵاوی کردەوە: "بازاڕی دەرمان و هاووڵاتییان لە دەرمانێکی ساختە بەناوی (تاڤانیک - TAVANIC 500 mg tab) ئاگادار دەکەینەوە."
بەڕێوەبەرایەتییەکە هۆشداری دەدات کە: "باجێکی دەرمانی تاڤانیک "3LG5A" بە بەرواری بەسەرچوونی "10/2027" ساختەیە و تەنانەت ستیکەرەکەشی ساختە کراوە."
شێوازی دەستنیشانکردنی دەرمانە ساختەکە
ئاشکراشی کردووە: "لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئامێری تایبەت، کە لە سەرجەم دەرمانخانەکان جێگیر کراوە، بەئاسانی باچە ساختەکەی دەرمانەکەمان دەرخست، ئەویش بە ئاڕاستەکردنی موگناتیسی ئامێرەکە بەرەو چوارگۆشە ڕەشەکەی سەر ستیکەرەکە کە ئامرازی دژەساختەی تێدایە و بە نانۆتەکنەلۆجی دروست کراوە؛ لە کاتی ئاڕاستەکردنی موگناتیسەکە بۆ سەر چوارگۆشە ڕەشەکە، ڕەنگەکەی نەگۆڕا بۆ سەوز، بەمەش دەرکەوت کە ستیکەرەکە ساختەیە."
دەشڵێت: "ئەو ژمارە باجەش بەو بەرواری بەسەرچوونە لە سیستمی ئەلیکترۆنیی بەڕێوەبەرایەتیی KMCAدا نییە، بەمەش دەرکەوت تەنانەت بەرهەمەکەش ساختەیە."
ڕێنمایی بۆ دەرمانخانەکان و هاووڵاتییان
بەڕێوەبەرایەتیی KMCA دەرمانخانەکان، کۆگاکانی دەرمان و هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە کە خۆیان بەدوور بگرن لە کڕینی ئەو دەرمانە بە ژمارەی
ئاماژەپێدراو؛ هەروەها لە کاتی کڕینی هەر دەرمانێکدا، ئامێری تایبەتی دژەساختە بەکار بهێنن بە ئاڕاستەکردنی موگناتیسەکەی بۆ سەر چوارگۆشە ڕەشەکەی سەر ستیکەرەکە.
بەکارهێنانەکانی دەرمانی تاڤانیک
بەپێی بەدواداچوونەکان، دەرمانی تاڤانیک (TAVANIC 500 mg) بۆ ئەم حاڵەتانە بەکار دەهێنرێت:
هەوکردنی توندی بۆڕییەکانی هەناسە و سییەکان.
هەوکردنی جیوبەکان (Sinusitis).
هەوکردنی میزەڕۆ، گورچیلە و پروستات.
هەوکردنی پێست و شانە نەرمەکان.