هەرێم نیوز
⠀
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە پارەی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەران خراوەتە سەر هەژمارەکەیان، بەڵام بەغداد زیاتر لە ١٢٤ ملیار دیناری لە کۆی گشتیی پارەکە بڕیوە.
⠀
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی 11ـی 2026، وەزارەتی دارایی هەرێم بڵاویکردەوە، بڕی ٨٣٤ ملیار و ٩٢٠ ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم لەلایەن بەغدادەوە خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکەیان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی.
⠀
ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی ١٢٠ ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینە لە داهاتی نانەوتی بڕیوە و بڕی چوار ملیار و ٤٧٦ ملیۆن دیناریشی نەناردووە کە شایستەی دارایی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی بووە بۆ مانگەکانی ڕابردوو.
⠀
لە کۆتاییدا وەزارەتەکە ڕوونیکردووەتەوە، بەهۆی ئەوەی پارەکە لە کۆتایی دەوامی فەرمیدا گەیشتووە، ڕێکارەکانی وەرگرتنی دەکەوێتە سبەی، بەڵام پرۆسەی گواستنەوەی پارەکە بۆ سەر هەژماری مووچەخۆران لە ڕێگەی سیستەمی ئەی سی ئێچ پێویستی بە یەک ڕۆژی تەواوە و بەهۆی پشووی هەینی و شەممەشەوە، جێبەجێکردنی ئەو ڕێکارە دەکەوێتە ڕۆژی یەکشەممە.