دواین هەواڵ

جیهان‌

 45 خولەک پێش ئێستا

ناتانیاهۆ گوشار لە ترەمپ دەکات دەست بە هێرشەکانی سەر ئێران بکەنەوە

هەرێم نیوز

پێگەی هەواڵی "ئاکسیۆس"ی ئەمریکی لە زاری سەرچاوە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکانەوە بڵاوی کردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری ئیسرائیل گوشاری چڕی لەسەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دروست کردووە، تاوەکو بەستێنی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران ڕاستەوخۆ دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس دەست پێ بکەنەوە.

گوشارەکانی نەتانیاهۆ و هەڵوێستی کۆشکی سپی
پێگەی ئاکسیۆس نووسیویەتی، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ئاگاداریی داوەتە ترەمپ کە پێویستە لە دوای هەڵبژاردنەکان هەڵمەتە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران ڕاستەوخۆ دەست پێ بکەنەوە، واتە لە ئێوارەی سبەی سێشەممەوە (بە کاتی ئەمریکا) بەردەوامی بە پەلامارە سەربازییەکان بادرێت.
بە گوێرەی زانیاریی سەرچاوەکان، هەردوو سەرۆک لە میانی ئاخاوتنە تەلەفۆنییەکەیاندا تاوتوێی دۆخی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن و کاتی دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکانیان بە وردی کردووە.

ترەمپ دەیوێت لەم قۆناغەدا دەرفەتێک بە ڕێڕەوی دیپلۆماسییەت بدات، بەڵام ناتانیاهۆ لەم هەڵوێستە زۆر نیگەرانە؛ چونکە ئیسرائیل بە کارێکی ئەستەمی دەزانێت ئەمریکا و ئێران لە ڕێگەی گفتوگۆوە بگەنە دەرئەنجامێکی ئەرێنی و یەکلاکەرەوە. لە بەرامبەردا، ئەمریکییەکان جەخت دەکەنەوە کە دانوستانەکان بەردەوامن و ئاماژەی ئەرێنییان لێ کەوتووەتەوە.

دانوستان یان هەڵمەتی سەربازی؟
تاوەکو ئێستا بە تەواوی یەکلا نەبووەتەوە کە ئایا ئەمریکا و ئیسرائیل بۆردومانی ئێران دەست پێ دەکەنەوە، یان ئەوەی هەیە تەنیا هەڵمەتێکی ڕاگەیاندن و گوشارە تاوەکو تاران لە ڕێگەی دەوڵەتە ناوبژیوانەکانەوە لە دانوستانەکاندا سازشی زیاتر بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP