هەرێم نیوز
ئەمڕۆ ١٢ ساڵ بەسەر یەکێک لە وەرچەرخانە مێژووییەکانی خەباتی گەلی کورددا تێپەڕ دەبێت، کاتێک لەسەر داوای بارزانی، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ ڕزگارکردنی شاری کۆبانێ لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرەو ئەو شارە بەڕێکەوت.
پاشخانی هێرشی داعش و بڕیاری مێژوویی بارزانی
لە کاتی پەلامارە دڕندانەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، ڕووبەری نزیکەی ٨٠٪ی شاری کۆبانێ کەوتبووە دەستی ئەو ڕێکخراوە و هەزاران کەسیش ئاوارە بووبوون.
لەو کاتە هەستیارەدا، بارزانی داوایەکی فەرمیی ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کرد. ڕۆژی ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤، پەرلەمانی کوردستان لەسەر داوای بارزانی کۆبووەوە و بە کۆی دەنگ ڕەوانەکردنی هێزی پێشمەرگەی بۆ هاوکاریکردنی کۆبانێ پەسند کرد.
بڕیارەکە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە
١٢ ساڵ پێش ئێستە و لە ڕۆژی ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤، یەکەم کاروانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە پێک هاتبوون لە ١٥٠ پێشمەرگەی قارەمان بە چەکی سووک و قورس بەرەو کۆبانێ بە ڕێکەوتن.
بە درێژاییی ڕێگا لە باشوور، باکوور و تا گەیشتە ڕۆژئاوای کوردستان، هاوڵاتییانی کورد بە دروشم، سروودی نیشتمانی و چەپڵەلێدانەوە پێشوازییەکی بێوێنەیان لە کاروانی پێشمەرگە کرد؛ چونکە لای کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستانەوە، ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ ڕووداوێکی مێژوویی و دەگمەن بوو لە مێژووی خەبات و قوربانیدانی نەتەوەییی کورددا.
گۆڕانکاریی هاوسەنگیی شەڕ و سەرکەوتنی هاوبەش
لەگەڵ گەیشتنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ کۆبانێ، باڵانسی شەڕەکە گۆڕانی بەسەردا هات. شەڕڤانان و پێشمەرگە شانبەشانی یەکتر ڕووبەڕووی تیرۆریستانی داعش بوونەوە و توانیان گردی کانی کوردان و گەڕەکی مەشتەل، کە دوا خاڵی ڕۆژهەڵاتی شارەکە بوون، لە دەستی داعش رزگار بکەن و سەرئەنجام تەواوی شاری کۆبانێ ئازاد بکەن و شکست بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە بهێنن.