دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

پۆلیسی ڕاپەڕین لە قەڵادزێ دوو تۆمەتبار دەستگیر دەکات کە بە چەکی تاپڕ تەقەیان لە ماڵی هاووڵاتییەک کردبوو

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند که هێزەکانیان لە بنکەی پۆلیسی ڕاپەڕین بە هاوکاریی پۆلیسی فریاکەوتن، لەسەر سکاڵای هاووڵاتییەک و بە بڕیاری دادوەر، دوو تۆمەتباریان لە قەڵادزێ دەستگیر کرد که بە چەکی تاپڕ تەقەیان لە ماڵی سکاڵاکار کردبوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، پۆلیسی ڕاپەڕین بڵاوی کردەوە که دوای سکاڵای هاووڵاتییەک سەبارەت بە دروستکردنی پشێوی و تەقەکردن لە ماڵەکەی، هێزە ئەمنییەکان دوو تۆمەتباریان بە ناوەکانی (م. و.) و (د. ع.) کە هەردوولایان لەدایکبووی ساڵی 2007ـن، دەستگیر کرد. 

پۆلیس ڕوونی کردەوە که یەکێک لە تۆمەتبارەکان سەرنشینی ماتۆڕسکیل بووە و بە چەکی جۆری تاپڕ تەقەی کردووە، بە جۆرێک شوێنەواری ساچمە بەسەر دەرگای ماڵی سکاڵاکارەوە هەیە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە کە تۆمەتباران لەبەردەم دادگا و پۆلیسدا دانیان بە تاوانەکەیدا ناوە و ڕووداوەکەش لەسەر بنەمای کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووە.

 هاوکات دەست بەسەر ماتۆڕسکیلەکە و چەکی بەکار هاتوویشدا گیراوە، و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەش و بە مادەی 431 لە یاسای سزادانی عێراقی تۆمەتباران ڕاگیراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە ڕێکخراوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP