دواین هەواڵ

کوردستان‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

موجتەبا خامنەیی پەیامی کۆتاییهێنان بە جەنگ دەداتە شاندی هاوپەیمانیی مەککە

هەرێم نیوز

تاران لەبەردەم هاوکێشەیەکی نوێدا؛ پەیامی ڕابەری نوێی ئێران و دەستپێشخەریی هاوپەیمانیی بەرگریی مەککە بۆ هێورکردنەوەی ناوچەکە

لە یەکەم دەرکەوتنی ناڕاستەوخۆیدا لە دوای دەستنیشانکردنی وەک ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە مانگی ئاداری ئەمساڵ پاش کوژرانی عەلی خامنەیی باوکی، موجتەبا خامنەیی لەگەڵ موحسین ڕەزایی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، ڕابەری نوێی ئێران بە فەرمی مەرجەکانی وڵاتەکەی بۆ هێورکردنەوە و کۆتاییهێنان بە جەنگ خستەڕوو.

ئەم کۆبوونەوە هەستیارە تەنها ڕۆژێک دوای سەردانی شاندی باڵای ئەمنی و هەواڵگریی وڵاتانی هاوپەیمانیی بەرگریی هاوبەشی مەککە (سعودیە، پاکستان و تورکیا) بۆ تاران هات، کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە؛ ئەو گرژییانەی بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە شوباتی ئەمساڵەوە دەستیپێکرد و دواتر بە هەڵگیرسانەوەی شەڕی نێوان حوسییەکانی یەمەن و سعودیە زیاتر تەشەنەی سەند.

بەپێی زانیاریی میدیا فەرمییەکانی ئێران، موجتەبا خامنەیی جەختی لە «گرنگیی کارکردن بۆ وەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی ئێران و جێبەجێکردنی مەرجەکان بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ» کردووەتەوە. هاوکات ئاژانسی «ڕۆیتەرز» لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای ئێرانەوە ئاشکرای کردووە کە لە گفتوگۆکانی لەگەڵ شاندی مەککە، پرسی بەرنامەی ئەتۆمی بە تەواوی وەلا نراوە و تاران ئامادە نییە هیچ باسێک لەو بارەیەوە بکات پێش ئەوەی مەرجە سەرەکییەکانی جێبەجێ بکرێن.

مەرجە بنەڕەتییەکانی ئێران بۆ ڕاگرتنی پێکدادانەکان لە هەڵگرتنی تەواوی گەمارۆکانی ئەمریکا بەسەر بەندەرەکان و هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکەدا کورت دەبنەوە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە واشنتن لە ڕێگەی لێدوانەکانی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکاوە پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ڕاگرتنی شەڕ مەرجدارە بە کەمکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن تارانەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ دروستبوونی کێشمەکێشێکی سەختی دیپلۆماسی لەسەر مەرجەکانی ئاشتی لە ناوچەکەدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP