دواین هەواڵ

عێراق‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی زانیاری لەسەر تەقینەوەکەی حەشدی شەعبی بڵاودەکاتەوە

هەرێم نیوز

ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات، کە حکومەتی عێراق هەوڵ دەدات تەقینەوەکەی ناو یەکێک لە بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە بەغدا وەک "ڕووداوێکی ئاسایی" و کێشەیەکی ناوخۆیی نیشان بدات، سەرەڕای پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە.

ڕۆژنامەی (جیرۆسەلیم پۆست)ـی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ڕاگەیاندنی کردنەوەی لێکۆڵینەوە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە سەبارەت بە تەقینەوەکەی ناو بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە بەغدا و گەڕاندنەوەی هۆکارەکەی بۆ کێشەیەکی ناوخۆیی، هەوڵێکی ڕوونە بۆ ئەوەی ڕووداوەکە وەک ڕووداوێکی ئاسایی و ڕێکەوت نیشان بدەن.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەڵوێستی فەرمیی حکومەتی عێراق ڕووداوەکەی وەک ڕێکەوت ناساندووە، هەرچەندە لیژنەی لێکۆڵینەوەی بۆ ئاشکراکردنی هۆکارەکانی پێکهێناوە. 

هەروەها تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی، کە لە ڕابردووشدا چەندین تەقینەوەی هاوشێوە لەناو بارەگاکانی حەشدی شەعبی ڕوویانداوە و وەک ڕووداوی ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە، ئەمەش پرسیاری جدی لەسەر دووبارەبوونەوەی ئەو تەقینەوانە و ئەگەری بوونی هێرشی دەرەکی دروست کردووە.

ئەم ڕاپۆرتەی ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە لە کاتێکدایە، کە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو تەقینەوەیەک لەناو کۆگایەکی چەکی حەشدی شەعبی لە ناوچەی سەبع ئەبکار لە باکووری ڕۆژهەڵاتی بەغدا ڕوویدا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی چەکدارێک و برینداربوونی چەند کەسێکی دیکە. 

هەرچەندە شایەتحاڵەکان گومانی بۆردومانی ئاسمانییان دەکرد، بەڵام دەستەی حەشدی شەعبی و وەزارەتی ناوخۆی عێراق دواتر لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایانگەیاند، کە ڕووداوەکە بەهۆی کێشەیەکی ناوخۆییەوە بووە و هیچ بەڵگەیەک بۆ بوونی هێرشی دەرەکی لەبەردەستدا نییە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP