دواین هەواڵ

عێراق‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیری نەوتی عێراق کۆمپانیاکانی دەرهێنان ڕاسپارد پلانەکانیان بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان بخەنە ڕوو

هەرێم نیوز

باسم عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق، کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوتی ڕاسپارد که پلانو دیدگاکانیان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بخەنە ڕوو، بە جۆرێک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ قەبارەی سامانی نەوتی وڵاتدا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە که باسم عەبادی لە میانی سەرۆکایەتیکردنی شانەی قەیرانەکان لە وەزارەت، جەختی لە پێویستیی چڕکردنەوەی هەوڵەکان و گرتنەبەری ئەو بڕیارانە کردەوە کە قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد دەکەن، لەگەڵ بەرزکردنەوەی ڕێژەی هەناردەکردن بە مەبەستی پشتیوانیکردنی ئابووریی نیشتمانی.

وەزیری نەوت ئاماژەی بەوە دا که زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن بەشێکە لە پلانی وەزارەت و حکوومەت بۆ بەرزکردنەوەی داهاتی دارایی، تاوەکوو لەو ڕێگەیەوە پشتیوانیی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لە کەرتە جیاوازەکاندا بکرێت.

 هاوکات داوای لە بەرپرسانی ناو دامەزراوە جیاوازەکانی کەرتی نەوت کرد که ڕۆڵی سەرکردایەتی بگێڕن و بڕیارگەلێک بدەن کە خزمەت بە پەرەپێدانی کارەکان لە هەر چوار کەرتی سەرەکیی وەزارەتدا بکات.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، جەخت لەسەر گرنگیی خستەڕووی ژمارە، تێکڕا و ڕێژەی بەرهەمهێنان و خەمڵاندنەکان کرایەوە بە شێوازێک کە خواستی حکوومەت و وەزارەت بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەم دەستەبەر بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP