هەرێم نیوز
بەرپرسێکی عێراقی ئاشکرای کرد که بە فشاری ئەمریکا، عێراق دەست بە داخستنی دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ ئێران دەکات، و لەم چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ دەروازەی سنووریی "شەیب" لە پارێزگای میسان داخرا.
داخستنی دەروازەی شەیب و بڕیاری حکوومەت
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، عێراق دەروازەی سنووریی "شەیب"ـی لەگەڵ ئێران لە پارێزگای میسان (کە لە دیوی ئێرانەوە بە دەروازەی چەزابە دەناسرێت) تاوەکو کاتێکی نادیار داخست. بەپێی میدیاکانی ئێران، بڕیارەکە لە نووسینگەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە دەرچووە، و سەرچاوەیەک لە دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا (فرانس پرێس)ـی ڕاگەیاندووە که دەروازەکە داخراوە و هۆکارەکانیشی فەرمی نەخراونەتە ڕوو.
فشارەکانی ئەمریکا و پلانی مانەوەی تەنیا دوو دەروازە
فرانس پرێس لە چەند سەرچاوەیەکی سیاسیی عێراقییەوە گواستوویەتیەوە که ئەمریکا فشارەکانی بۆ سەر بەغدا زیاد کردووە بۆ ئەوەی هەموو دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ ئێران دابخات بە مەبەستی توندکردنی گەمارۆکانی سەر تاران، و ئاشکرایان کردووە کە ئەو داواکارییە لە کۆبوونەوەی مانگی ڕابردووی بەرپرسانی ئەمریکا لەگەڵ عەلی زەیدی لە نیویۆرک خراوەتە ڕوو.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن که بەپێی پلانی داواکراو، هەموو دەروازە سنوورییەکانی نێوان عێراق و ئێران دادەخرێن و تەنیا دوو دەروازە بە کراوەیی دەمێننەوە؛ یەکێکیان لە نێوان عێراق و ئێراندا دەبێت و ئەوەی دیکەیان لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا دەبێت. هاوکات زانیارییەکان دەخەنە ڕوو که ئەمریکا ئەم داوایەی تەنیا لە عێراق نەکردووە، بەڵکو لە هەموو وڵاتانی دراوسێی ئێرانیشی کردووە.