ھەرێم نیوز
بەشی یەکەم: کاتێک ڕووبەڕووی دیکتاتۆر بوومەوە؛ یەکەم چرکەساتی لێکۆڵینەوە
نهێنییەکە!
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، زیندانی نهێنیی کەمپ کرۆپەر.
کانوونی دووەمی 2004.
ناوم جۆرج پیرۆیە...
بریکارێکی تەمەن 36 ساڵی دەزگای هەواڵگریی فیدراڵی (FBI).
بە ڕەچەڵەک لوبنانیم و عەرەبی زمانی دایکمە.
کاتێک لە واشنتنەوە بانگیان کردم، بەرپرسی بەشەکە پەڕاوێکی ئەستووری خستە بەردەمم.
سەیری ناو چاوم کرد و پێی گوتم:
"جۆرج... کەس ناتوانێت ئەم کارە بکات جگە لە تۆ! دەبێت لێکۆڵینەوە لەگەڵ دڕندەترین
پیاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەیت."
گوتم: "کێ؟"
بە دەنگێکی نزم و سارد گوتی:
"سەدام حوسێن..."
یاساکانی ئەرکەکەم زۆر ڕوون و توند بوون...
نە ئەشکەنجەدان، نە هاوارکردن، و نە بەکارهێنانی هیچ زەبروزەنگێک!
حکومەتی ئەمریکا دەیویست دانپێدانانێکی یاسایی و بێخەوش لە دەمی دەربکێشێت.
مانگێک پێشتر، سەربازەکان لە کونێکی تاریکی ژێر زەویدا لە نزیک تکریت دەریان
هێنابوو.
«جۆن نیکسۆن» پشکنەری CIA، یەکەم کەس بوو بە برینەکانی سەر جەستەی دەستنیشانی کرد کە ئەوە خۆیەتی...
ئێستا نۆرەی من بوو مێشک و دەروونی ئەو پیاوە هەڵتەکێنم.
لەبەردەم ژوورێکی چوار بە چواری تەسکدا وەستام.
دوو سەربازی ئەمریکی پاسەوانیی دەرگا ئاسنینەکەیان دەکرد.
قفڵە قورسەکە کرایەوە..
دەنگە ساردەکەی ئاسن بەناو ڕاڕەوەکەدا دەنگی دایەوە.
هەناسەیەکی قووڵم هەڵمژی و چوومە ژوورەوە.
پیاوێک لەسەر کورسییەکی دارین دانیشتبوو.
جلی خەوی لەبەردابوو، چاکەتێکی شین بەسەر شانیدا درابوو.
ڕیشە درێژ و تەپوتۆزاوییەکەی ناو کونەکەی تاشیبوو.
بە چاوێکی تیژ و سارد سەیری کردم...
هەمان ئەو چاوانەی سی ساڵ عێراقیان لە ترسدا دەهەژاند!
هێشتا وا هەڵسوکەوتی دەکرد وەک ئەوەی سەرۆک کۆمار بێت.
لەسەر کورسییەک بەرامبەری دانیشتم.
بۆ چەند خولەکێک، هیچمان دەنگمان لێوە نەهات...
تەنیا دەنگی هەناسەی توندی هەردووکمان لە ژوورەکەدا دەبیسترا.
لەناکاو، سەدام بێدەنگییەکەی شکاند.
ڕووی تێکردم و بە دەنگێکی گڕ و عەرەبییەکی پاراو گوتی:
"تۆ کێیت؟ عەرەبیت؟ یان بەعسیت؟"
ڕێک سەیری ناو چاوە ڕەشەکانیم کرد و بە ئارامی پێم گوت:
"من تەنیا لێکۆڵەرەکەی تۆم... تاقە کەسێکم لەم جیهانەدا کە چارەنووست لە
دەستیدایە!"
سەدام کەمێک بزەی کرد، بەڵام دەستەکانی لەسەر ڕانەکانی کەمێک دەلەرزین...
لەو چرکەیەدا تێگەیشتم؛
لەژێر ئەو لووتبەرزییە ساختەیەدا، پیاوێکی تەواو ترساو و شکاو خۆی شاردووەتەوە!
شەڕی دەروونی دەستی پێکرد... ئەو شەڕەی کە نەیدەزانی چۆن عەرشی غروری دەڕووخێنم!
لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەدام حوسێن...
بەشی دووەم: کاتێک دیکتاتۆر بە جگەرەیەک کەوتە داوەکەوە؛ شکاندنی ئەو پیاوەی لە
مردن نەدەترسا!
ڕۆژی دواتر کە چوومەوە ژوورەوە، یەک ڕاستیم وەک ڕۆژ لە پێش چاو بوو...
هەر کەسێک پێی وابێت سەدام حوسێن لە زینداندا لە لێدان یان لە پەتی سێدارە دەترسا،
ئەو پیاوە ناناسێت!
ئەو نە لە فیشەک دەترسا و نە لە مردنی جەستەیی.
ئەمریکییەکان بە هەڵەدا چووبوون؛ وایان دەزانی دەتوانن بە هاوارکردن و سووکایەتی
کۆنترۆڵی بکەن...
بەڵام من خاڵی لاوازی ئەوم زۆر باش دەزانی.
خاڵی لاوازی سەدام، غرورە بێسنوورەکەی بوو!
ئەو لە مردن نەدەترسا... بەڵکو ترسی لەوە بوو وەک سەرۆکێکی دۆڕاو و بچووک لە
مێژوودا یاد بکرێتەوە!
بۆیە یەکەم فەرمانی مەترسیدارم دەرکرد...
هیچ سەرباز و ئەفسەرێکی ئەمریکی بۆی نەبوو بەبێ مۆڵەتی من پێ بنێتە ژوورەکەیەوە.
پاسەوانەکان تەنانەت بۆیان نەبوو سەیری چاوەکانیشی بکەن.
تەواوی جیهانەکەی سەدامم لە ژوورێکی چوار بە چواردا بەند کرد...
ئەو لەوێدا بوو، و تاقە پەنجەرەی بۆ ژیان و پەیوەندی بە جیهانی دەرەوە، تەنیا من
بووم!
دەبوو پێی بزانێت کە کلیلەکە لە گیرفانی مندایە.
ڕۆژی چوارەم بوو...
بە پاکەتێک جگەرەی کۆبی (Cohiba) و دەستەیەک پەڕەی سپییەوە چوومە ژوورەوە.
سەدام لەسەر کورسییە دارینەکە دانیشتبوو، چاوەکانی نوقمی تاریکی ببوون.
کاتێک پەڕە سپییەکانی بینی، چاوەکانی لە خۆشیدا گەشانەوە...
ئەو شەیدای نووسینی شیعر و تۆمارکردنی مێژووی دەسەڵاتی بوو.
سەدام ڕووی تێکردم و بە دەنگە گڕەکەی گوتی:
"ئەم پەڕانە بۆ منن؟"
جگەرەیەکم داگیرساند و خستمە بەردەمی.
بە ڕێزێکی دیپلۆماسییانەوە پێم گوت:
"بەڵێ... بۆ سەرۆکێک کە دەیەوێت قسە بۆ مێژوو بکات، نەک بۆ دادگایەکی نمایشی!"
سەدام جگەرەکەی هەڵمژی... دووکەڵەکەی بە فیزەوە بەرەو سەقفەکە فڕێدا.
بزەیەکی کرد و گوتی:
"تۆ لەو ئەمریکییە بێمێشکانە ناچیت... تۆ عەرەبیت و تێدەگەیت کەرامەت چییە!"
نەیدەزانی ئەمە ئەو داوە پۆڵاینە بوو کە خۆی بە پێی خۆی پێیدا دەکەوت...
ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، بە پێدانی پەڕەیەک و جگەرەیەک بیرەوەرییەکانیم هەڵدەلووشی.
تا ئەو ڕۆژەی تیغەکەم خستە سەر برینە قووڵەکە!
سەیری ناو چاویم کرد و بە ساردی پێم گوت:
"جەنابی سەرۆک... تۆ کە هێندە باسی ئازایەتی دەکەیت، بۆچی لە کونێکی تاریکی ژێر
زەویدا خۆت شاردەوە لە کاتێکدا سەربازەکانت لە بەغدا دەکوژران؟"
لەپڕ، دەموچاوی وەک خوێن سوور هەڵگەڕا!
دەمارەکانی گەردنی و دەستی ئەستوور بوون.
ئەو پرسیارە تەپوتۆزی لە غرورە پۆڵاینەکەی هەڵساند...
دەستی بەرز کردەوە تا هاوار بکات، بەڵام دەرفەتم پێ نەدا!
دەستبەجێ لەسەر کورسییەکەم هەستامەوە و بەرەو دەرگاکە ڕۆیشتم.
پێم گوت:
"ئەمڕۆ قسە ناکەین... تا بەیانی بیر لە وەڵامەکەت بکەرەوە!"
سەدام بە شڵەژاوییەوە لەسەر کورسییەکە هەستا و بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد:
"بوەستە پیرۆ! هێشتا قسەم تەواو نەبووە... بگەڕێرەوە!"
لە پشتی دەرگاکەوە، لە دڵی خۆمدا پێکەنیم...
تێگەیشتم دیکتاتۆر ئیتر کەوتە ناو دەستم!
لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەدام حوسێن...
بەشی سێیەم: دۆسیەی هەڵەبجە و چەکی کیمیایی؛ کاتێک دیکتاتۆر لەبەردەم وێنەی
شەهیداندا دەستەپاچە و کەساس مایەوە!
شوباتی 2004...
شەختە و سەرمایەکی چزدار بەسەر سەربانی کەمپ کرۆپەردا دەباری.
ئەو ڕۆژە، بە پەڕاوێکی ڕەشەوە پێم خستە ناو ژوورە تەنگەبەرەکەی سەدام.
پەڕاوێک کە هاواری پەنگخواردوو و کۆڵی خەمی میللەتێکی تێدا کڕکەوتبوو...
سەدام لەسەر کورسییە دارینەکە پاڵی دابووەوە، کەساس و لەخۆبایی.
جگەرەکەی لە نێوان پەنجەکانیدا بوو و دووکەڵەکەی بەرەو سەقفەکە هەڵدەدا.
ڕووی تێکردم و بە دەنگێکی پڕ لە فیز و خۆنواندن گوتی:
"پیرۆ... ئەمڕۆ باسی چی دەکەین؟ باسی ڕۆژانی بەرگری و دەستکەوتی جەنگ؟"
هیچم نەگوت... مات و بێدەنگ چاوم تێبڕی.
بە هێواشی دەستم کردە ناو پەڕاوە ڕەشەکە.
دەستەیەک وێنەم دەرهێنا و بە توندی کێشام بەسەر مێزەکەدا!
دەنگی کێشانی وێنەکان، وەک تەقینی بارووت ژوورەکەی داچڵەکاند.
سەدام چاوەکانی کز و شۆڕ کردەوە...
بۆ چەند چرکەیەک جەستەی ڕەق داگەڕا؛ تاساو و حەپەساو لێی ڕاما.
تەوێڵی گرژ بوو و پەشۆکاوییەکی قورس بە ڕوخساریدا نیشت.
وێنەی کۆڵانە خەمبارەکانی هەڵەبجە بوون...
16ی ئاداری 1988.
تەرمی منداڵانی ساوا کە بە گازی خەردەل و سیانید پێستیان ڕەش هەڵگەڕابوو.
دایکێک کە کۆرپەکەی لە ئامێزدا بەستبووی و هەردووکیان خنکابوون.
وێنەی عومەری خاوەر ڕێک لە بەردەم چاوەکانیدا دانرا...
ژوورەکە بووە تەمتومانی مەرگ؛ بێدەنگ و بێجووڵە.
سەیری ناو چاوە تاریکەکانیم کرد و بە دەنگێکی سارد پێم گوت:
"ئەمە بڕیاری تۆ بوو؟ پێم بڵێ، کێ فەرمانی خنکاندنی ئەم کۆرپە بێتاوانانەی دا؟"
دەمارەکانی تەوێڵ و گەردنی ڕەق داگەڕان...
لێوەکانی وشک هەڵگەڕان؛ لەژێر برژانگە ئەستوورەکانییەوە هەستی بە شەرمەزارییەکی قووڵ دەکرد.
هەوڵیدا شپرزەیی ناخی لە پشتی چاوە برۆگرژەکانیدا بشارێتەوە و بە دەنگێکی گڕ گوتی:
"ئەمە بڕیاری سوپا بوو لە گەرمەی شەڕدا! سەرکردەی کوردەکان لەو کاتەدا دەستیان لەگەڵ ئێران تێکەڵ کردبوو... سوپای پاسداران لەناو شارەکەدا بوو!"
هەنگاوێک چوومە پێشەوە... ئەوەندە نزیک بوومەوە کە هەناسەم بەر ڕوخساری دەکەوت.
هاوارم نەکرد، بەڵام وشەکانم تا مۆخی ئێسقانی دەبڕی:
"منداڵی بێپەنا و ژنانی هەڵەبجە دەستیان لەگەڵ کێ تێکەڵ کردبوو؟! ئەم ژەهرە چۆن بەسەر ئەم خەڵکە کەنەفت و بێدفاعەدا ڕژێنرا؟"
سەدام دەستەپاچە و پەشۆکاو مایەوە...
ئەو شەرمەزارییەی لە ناخیدا دەیپرووسقاند، چیتر بە دەنگە بەرزەکەی داناپۆشرا!
ویستی لەو قۆرتە دەربازی بێت و بارەکە لە شانی خۆی دابماڵێت، بە پەلە گوتی:
"عەلی حەسەن مەجید دەسەڵاتی تەواوی لە باکوور پێدرابوو... فەرماندەی مەیدانی ئەو بوو، ئەو بەرپرسیارە!"
ڕێک لەو قۆرتەدا چۆکم پێ دادا...
پێم گوت:
"خۆت هەڵمەخەڵەتێنە! تۆ لە هەموو کەس باشتر دەزانیت کە لە تەواوی عێراقدا، عەلی کیمیایی بەبێ مۆری پەنجەی تۆ، نەیدەتوانی یەک فیشەک بتەقێنێت، چ جای خنکاندنی شارێک بە گازی کیمیایی!"
سەدام دەستەوەستان مایەوە... هیچ قسەیەکی پێ نەما.
سەری شۆڕ کردەوە و بۆ چەند چرکەیەک مات و مەلوول لە شوێنی خۆی کڕکەوت.
پاشان، بە دەنگێکی کز و نزم... دەنگێک کە پەردەی لەسەر مێژوویەکی تاریک هەڵدەماڵی، گوتی:
"ئێمە هەموو جبەخانە کیمیاییەکانمان لە ساڵانی نەوەدەکاندا لەناوبردبوو... هیچ چەکێکی کۆمەڵکوژمان نەمابوو!"
تاسام و حەپەسام!
سەیری ناو چاویم کرد و گوتم:
"ئەگەر لەناوتان بردبوو... بۆچی پێت نەگوتین؟! بۆچی هێشتت وڵاتەکەت کاول بکرێت و کۆتاییت پێبهێنرێت؟!"
سەدام سەری بەرز کردەوە...
چاوەکانی پڕ بوون لە نیگەرانی و ململانێیەکی شووم لەگەڵ تاران.
سەیری کردم و نهێنییە پەنگخواردووەکەی هەڵڕشت:
"نەمدەویست ئێران بزانێت کۆڵەوار و دەستبەتاڵ بووین! ئەگەر ئەوان بیانزانیایە چەکی کیمیاییمان نەماوە، بەغدایان لەسەر سەرمان تەخت دەکرد... دەمویست جیهان وا بزانێت هێشتا بەهێزم، تەنانەت ئەگەر باجەکەشی ئەوە بێت مێژوو بە کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە تاوانبارم بکات!"
دیکتاتۆر بە پێچەوانەی خەیاڵپڵاوی خۆی، مێژووی خۆی لە گۆمی خوێندا خنکاندبوو...
بەڵام دۆسیە خوێناوییەکە لێرەدا کۆتایی نەهات!
دەستم بۆ بەشی دووەمی پەڕاوە ڕەشەکە برد...
دۆسیەیەک کە زۆر لە هەڵەبجە تاریکتر و قوورستر بوو!
لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەدام حوسێن...
بەشی چوارەم: شفرەی ئەنفال؛ کاتێک لە تووڕەییدا مێزەکەی لەبەردەممدا وەرگەڕاند!
بەیانیی ڕۆژی بیست و یەکەم بوو...
تەمی ساردی زستان بەسەر شوشەی پەنجەرەکانی کەمپ کرۆپەردا نیشتبوو.
ئەو ڕۆژە، بە دوو پەڕاوی ئەستووری «ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش» و مەکتەبی باکوورەوە چوومە ژوورەوە.
سەدام لەسەر کورسییە دارینەکەی دانیشتبوو، پەرداخێک چای گەرمی بە دەستەوە بوو.
هێشتا وای دەزانی بە قسەلووسی دەتوانێت مێژوو بە ئارەزووی خۆی بنووسێتەوە...
ڕووی تێکردم، چاوێکی لێم بڕی و بە فیزێکی کۆنەوە گوتی:
"پیرۆ... تۆ بەدوای ڕاستیدا دەگەڕێیت، بەڵام نازانیت عێراق چۆن بەڕێوە دەبرا... پێت وایە من دوژمنی کورد بووم؟"
جگەرەیەکم داگیرساند و گوتم: "خۆت پێم بڵێ."
سەدام پشتی بە کورسییەکەوە دا، دەستێکی لەسەر مێزەکە دانا و بە دەنگێکی پڕ لە بڕوابەخۆبوون گوتی:
"لە 11ی ئاداری 1970، من خودموختاریم بە کورد بەخشی... لەگەڵ مەلا مستەفا ڕێککەوتم و مافم بە کورد دا! کێ لە مێژووی عێراقدا هێندەی من کوردی کردووەتە هاوبەشی دەوڵەت؟ بەڵام سەرکردەکانیان دواتر پشتیان لێکردین و چوونە پاڵ ئێران!"
لێیگەڕام تا تەواوی قسەکانی بکات...
دەمزانی ئەمە ئەو پەردە ئەستوورەیە کە دەیەوێت تاوانە گەورەکەی لە پشتەوە بشارێتەوە.
بە هێواشی یەکەم پەڕاوم لە بەردەمیدا کردەوە...
بڕیاری ژمارە (28)ی ساڵی 1987ی مەکتەبی باکووری حزبی بەعس.
سەیری ناو چاویم کرد و بە دەنگێکی سارد پێم گوت:
"ئەگەر هاوبەشی دەوڵەت بوون... کێ ناوی پیرۆزی ئەم سوورەتەی قورئانی نا لەسەر ئۆپەراسیۆنێک بۆ خاپوورکردنی چوار هەزار گوند و زیندەبەچاڵکردنی میللەتێک؟"
سەدام دەستی لەسەر مێزەکە توند کرد، چرچولۆچی ناوچەوانی قووڵتر بوونەوە.
بە تووڕەییەکی کۆنترۆڵکراوەوە گوتی:
"لە کاتی جەنگی ئێراندا، باکوور ببووە هێڵی خیانەت! ئەوان لە پشتی سوپاوە خەنجەریان لێدەداین... ئەنفال هێرشێکی سەربازیی دەوڵەت بوو بۆ پاراستنی خاکی عێراق!"
پەنجەم خستە سەر بڕگەی پێنجەمی بڕیارنامەکەی مەکتەبی باکوور.
بە عەرەبییە پاراوەکەم ڕێک بۆم خوێندەوە:
«هەموو بوونەوەرێکی زیندوو لە ناوچە قەدەغەکراوەکاندا، بەبێ گەڕانەوە بۆ دادگا، ڕاستەوخۆ دەکوژرێت!»
سەیری ناو چاویم کرد و گوتم:
"بوونەوەری زیندوو، جەنابی سەرۆک! واتە ژن، منداڵ، پیر، تەنانەت مەڕ و ماڵات! یاسای کام دەوڵەت لە دنیادا منداڵی ساوا بە فەرمانی سەربازی لەناو دەبات؟"
سەدام هەستی بە تەنگژەیەکی گەورە کرد، ویستی وەک هەمیشە تاوانەکە فڕێ بداتە ملی پیاوەکانی و گوتی:
"ئەمە دەسەڵاتی مەیدانیی عەلی حەسەن مەجید بوو... من لە بەغدا بووم و سەرپەرشتیی بەرەکانی جەنگم دەکرد، ئاگاداری وردەکارییەکان نەبووم!"
ئەمە ئەو وەڵامە بوو کە داوەکەمی پێ تەواو دەکرد!
دەستبەجێ پەڕاوی دووەمم خستە سەر پەڕاوەکەی تر...
بەڵگەنامەی فەرمیی سەرکردایەتیی گشتی بە واژۆ و مۆری دەستنووسی خۆی!
ڕاپۆرتی گواستنەوەی هەزاران خێزانی گەرمیان بە بارهەڵگری سەربازی بەرەو تۆپزاوا و قەڵای نوگرە سەلمان.
پێم گوت:
"درۆ مەکە سەدام! عەلی کیمیایی خەڵکی کۆدەکردەوە، بەڵام تۆ لە بەغداوە واژۆی خەرجی و فەرمانی گوللـەبارانکردنیان بە کۆمەڵ لە بیاباندا دەردەکرد... کام سەرۆک هەیە لە جیهاندا نەزانێت سەد و پەنجا هەزار هاووڵاتیی وڵاتەکەی لە بیاباندا زیندەبەچاڵ دەکرێن؟!"
لەو چرکەیەدا، دیواری لووتبەرزیی دیکتاتۆر بە تەواوی داڕما!
دەمارەکانی تەوێڵ و گەردنی بە تووڕەیی ڕەق داگەڕان...
ڕەنگی دەموچاوی وەک خوێن سوور هەڵگەڕا.
سەدام کۆنترۆڵی دەماری لەدەستدا؛ بە هەردوو دەستی بە توندی کێشای بە بنەبانی مێزە دارینەکەدا و مێزەکەی لەبەردەممدا وەرگەڕاند!
پەرداخی چایەکە رژا و بەڵگەنامە و پەڕاوەکان بە هەموو ژوورەکەدا بڵاو بوونەوە...
پاسەوانە ئەمریکییەکان لە دەرەوە دەستبەجێ چەکیان هێنایە پێشێ و دەرگاکەیان کردەوە تا بێنە ژوورەوە.
دەستم بەرز کردەوە و بە هێمنی پێم گوتن:
"مەیەنە ژوورەوە... لە دەرەوە بوەستن!"
سەدام بە پێوە وەستابوو، هەناسەی وەک ئاگر گەرم و کورت ببووەوە.
تەواوی جەستەی لە تووڕەیی و تێکشکاندا دەلەرزی.
سەیری ناو چاویم کرد، بێ ئەوەی یەک سانتیمەتر پاشەکشە بکەم، بە ساردی پێم گوت:
"دانیشە سەدام! لەم ژوورەدا کەس لە مێز شکاندنت ناترسێت... تۆ بە دەستی خۆت مێژووی خۆتت سڕییەوە!"
سەدام بۆ چەند چرکەیەک بە تووڕەیی چاوی تێبڕیم...
پاشان، هێزی لە ئەژنۆکانیدا بڕا و بە بێدەنگی کەوتەوە سەر کورسییەکەی.
تەواو شۆک ببوو، دەستەکانی لەسەر ڕانەکانی دەلەرزین.
تێگەیشتم دیکتاتۆر دوا فیشەکی غروری خۆی تەقاند و دۆڕاندی!
ئیتر کاتی ئەوە هاتبوو ئەم دۆسیەیە بۆ هەمیشە دابخرێت...
تەنیا یەک دانیشتن مابووەوە، دانیشتنێک کە دەبوو سەدام لەبەردەم پەتی سێدارەدا بەجێبهێڵم!
لە بەشی پێنجەم و کۆتاییدا: دانیشتنی بیست و حەوتەم؛ دوا ماڵئاوایی، ئەو نامە نهێنییەی سەدام بۆ لێکۆڵەرەکەی نووسی و دوا وتەی پێش پەتی سێدارە!...
28ی حوزەیرانی 2004...
شەش مانگی تەواو بەسەر زیندانی کەمپ کرۆپەردا تێپەڕیبوو.
سەدان کاتژمێر شەڕی دەروونی لەناو ئەو ژوورە چوار بە چوارەدا کۆتایی هاتبوو.
ئەو بەیانییە، جیاواز لە هەموو ڕۆژەکانی تر، بەبێ پەڕاو و بەبێ قەڵەم چوومە ژوورەوە...
هیچ پرسیارێک نەمابوو بۆ کردن.
سەدام لەسەر کورسییە دارینەکەی دانیشتبوو.
دەستەیەکی ئەستوور لە کاغەزی سپیی دەستنووسی لەبەردەمدا بوو.
شیعر و یاداشتەکانی بوون کە بە مەرەکەبی شین نووسیبوونی.
سەیری کردم، چاوەکانی نوقمی فیزێکی کۆن بوون...
هێشتا وای دەزانی لەم شەش مانگەدا مێژووی لە لای دۆستێک و هاوزمانێکی خۆی تۆمار کردووە!
جگەرەیەکی داگیرساند، دووکەڵەکەی بە هێواشی فڕێدایە سەرەوە.
دەستنووسەکانی ڕێکخست و بە دەنگە گڕەکەی گوتی:
"پیرۆ... وەرە دانیشە! ئەمڕۆ شیعرێکم بۆ نووسیویت، دەمەوێت بۆ یادگاری لەگەڵ خۆت بیبەیت..."
دانەنیشتم...
بۆ یەکەمجار، ڕێک لەبەردەم دەرگاکەدا بە پێوە وەستام.
سەیری ناو چاوە ڕەشەکانیم کرد و بە دەنگێکی سارد پێم گوت:
"لێکۆڵینەوەکان کۆتاییان هات سەدام... هیچ پرسیارێک نەماوە. من هاتووم ماڵئاواییت لێ بکەم!"
دەستی لەگەڵ جگەرەکەدا لە ناو هەوادا ڕەق داگەڕا...
بۆ چەند چرکەیەک، تەنیا سەیری ناو چاومی دەکرد.
ئەو پیاوە زۆر زیرەک بوو؛ زۆر زوو لە پەیامەکان تێدەگەیشت...
پشتی بە کورسییەکەوە دا، چاوەکانی کەمێک تەسک بوونەوە و گوتی:
"کەواتە دەڕۆیت؟... کێ دەسەڵاتی لێرە گرتووەتە دەست؟"
هەنگاوێک چوومە پێشەوە و پێم گوت:
"دەسەڵاتی کاتیی هاوپەیمانان کۆتایی هات. دەسەڵات درایەوە دەست عێراقییەکان... لەم ساتەوە تۆ چیتر دیلی FBI نیت!"
بۆ یەکەمجار، بێدەنگییەکی هێندە قورس ژوورەکەی داپۆشی، کە دەنگی کاتژمێرەکە بووە چەکوش بەسەر مێشکماندا.
سەدام نەترسا، نەهاواری کرد، و نەدەستەکانی لەرزین...
بەڵام لە چاوەکانیدا بینیم کە چۆن تاقە پەنجەرەی پەیوەندی بە جیهانەوە بەسەریدا داخرا!
ئەو تێگەیشت لەم شەش مانگەدا هەرگیز دۆستی لە پێش دانەنیشتووە؛
تێگەیشت کە بە جگەرە و پەڕەی شیعر، مێشکیم هەڵلووشیوە و پەڕاوی تاوانەکانیم بۆ دادگاییکردنی ڕێکخستووە!
بە چاوێکی سارد و دەنگێکی هێمن پێی گوتم:
"ڕادەستی دادگام دەکەن؟"
پێم گوت: "ڕادەستی دادگای باڵای تاوانەکان دەکرێیت... بەیانی لەبەردەم دادوەرێکی عێراقیدا دەوەستیت!"
سەدام بزەیەکی تاڵی کرد...
دەستنووسە شیعرەکانی لەسەر مێزەکە بەرەو ڕووم ڕاکێشا و گوتی:
"ئەم شیعرانە بەرە... ئەمە کەرامەتی سەرۆکێکە کە لە زینداندا !"
سەیری کاغەزە دەستنووسەکانم کرد...
دەستم بۆ نەبردن!
سەیری ناو چاویم کرد و پێم گوت:
"مێژوو بە دەستنووسی شاعیرەکان نانووسرێتەوە سەدام... مێژووی تۆ پڕە لە تاوان و گۆڕی بە کۆمەڵ!"
لەو چرکەیەدا، شکانی کۆتایی بە ڕوخساریدا تێپەڕی...
لووتبەرزییە ساختەکەی لە ناخەوە داڕما، بەڵام هەوڵی دا دەمامکەکەی توند بگرێت.
سەری بەرز کردەوە و گوتی:
"من دەزانم چۆن دەمرم پیرۆ... ئەوان سێدارەم بۆ هەڵدەواسن، بەڵام من وەک سەرۆکێک لەسەر پێی خۆم دەچمە بەر پەتی سێدارە!"
پێم گوت: "ماڵئاوا سەدام..."
پشتم تێکرد و بەرەو دەرگاکە چووم.
دەرگا ئاسنینە قورسەکەم لە دوای خۆمەوە کێشا...
دەنگە وشکەکەی قفڵەکە وەک تەقینی گوللـەیەک بەناو ڕاڕەوەکەدا دەنگی دایەوە!
لە پەنجەرە بچووکەکەی سەر دەرگاکەوە، بۆ دواجار ئاوڕم دایەوە...
پیاوێک لە ناوەڕاستی ژوورە چوار بە چوارەکەدا بە تەنیا مابووەوە.
ئەو پیاوەی ڕۆژگارێک خودای دەسەڵات بوو لە عێراقدا، ئێستا لە چۆڵەوانیی ژوورەکەدا تەنیا مابووەوە لەگەڵ پەڕە شیعرە بێدەنگەکانی... لە چاوەڕوانیی پەتێکی ئەستوور لە بەغدا!
کۆتایی.
جۆرج پیرۆ، لێکۆڵەری ئێف بی ئای
هەڵۆ خەلیل کاکەوەیس
پرسیاری کۆتایی بۆ خوێنەران:
دوای بینینی سەرەتا و کۆتایی ئەم لێکۆڵینەوە مێژووییە...
بە بڕوای ئێوە، چی سەدام حوسێنی گەیاندە ئەم شکستە گەورەیە؟
هێزی بێسنووری ئەمریکا... یان ئەو وەهمە کوشندەیەی کە ڕێگەی نەدەدا تێبگات سەردەمی پاشایەتیی خوێن بەسەرچووە؟