دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 13 کاتژمێر پێش ئێستا

چەکی ژێردەریا؛ گەرووی هورمز لەبەردەم هەڕەشەی پچڕاندنی ٨٠٪ـی ئینتەرنێتی جیهان و شەلەلکردنی داتاسەنتەرەکاندا

هەرێم نیوز

لەگەڵ چڕبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران بۆ بەئامانجگرتنی کێبڵە دەریاییەکانی ئینتەرنێت لە گەرووی هورمز، شەپۆلێکی قووڵی نیگەرانی وڵاتانی ناوچەکە و ناوەندە تەکنەلۆژییەکانی جیهانی گرتووەتەوە؛ هەنگاوێک کە ئەگەر بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە هێرشێکی وێرانکەری سەربازی زیاتر ژیانی ڕۆژانە و ئابووریی دیجیتاڵی تووشی ئیفلیجی دەکات. گەرووی هورمز تەنها ڕێڕەوی گواستنەوەی نەوت نییە، بەڵکو شادەماری پەیوەندییە ژمارەییەکانی ناوچەکە و جیهانیشە.

لە ئێستادا بەلایەنی کەمەوە حەوت کێبڵی گەورەی دەریایی بە نێو ئەو گەرووەدا تێپەڕدەبن بەرەو دەوڵەتانی کەنداو، عێراق و کووەیت. بەپێی ڕاپۆرتە تەکنیکییە نێودەوڵەتییەکان، ئەو تۆڕە کێبڵانەی بە نێوان کەنداوی عەرەبی، دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەبدا تێپەڕدەبن، پێکەوە نزیکەی ٨٠٪ـی کۆی گشتیی هاتوچۆی داتای ئینتەرنێتی جیهان دەگوازنەوە و توانای بەشێکیان دەگاتە ١٠٠ تێرابایت لە چرکەیەکدا. لە دۆخێکی لەو شێوەیەدا، زەبری یەکەم بەر ژێرخانی دیجیتاڵیی دەوڵەتانی کەنداو دەکەوێت کە لەم ساڵانەی دواییدا سەدان ملیار دۆلاریان لە بواری تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرددا خەرجکردووە.

هەریەک لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک ئەمازۆن (AWS)، مایکرۆسۆفت، ئۆراکڵ و هاووەی، داتاسەنتەری هەرێمیی گەورەیان لە ناوچەکەدا دامەزراندووە؛ بڕینی کێبڵەکان هێڵی دەرەکیی ئەو سەنتەرانە دادەبڕێت و ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی پەککەوتنی بانکەکان، سیستەمی فڕۆکەوانی و مامەڵە داراییەکان. هاوکات، بەکارهێنەرانی ئاسایی زەرەرمەندی یەکەمی ئەم گرژییە دەبن؛ ڕاوەستانی خزمەتگوزارییە ڕۆژانەییەکان لە ئەپڵیکەیشنەکانی گەیاندن و گواستنەوە (وەک کەریم، دیدی و تەڵەبات)، تا خاوبوونەوە و پەککەوتنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک تیکتۆک، یوتیوب و پلاتفۆرمەکانی پەیوەندی، هەموو ناوچەکە دەخاتە دۆخی گۆشەگیرییەوە.

هەرچەندە پەنابردن بۆ ئینتەرنێتی ئاسمانی وەک (ستارلینک) بوونی دەبێت، بەڵام توانای ئەوەی نابێت قەرەبووی داتاسەنتەرە ناوخۆییە لەکارکەوتووەکان بکاتەوە.

وەک ئیبراهیم بن سوڵتان ئەلهاشمی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئاماژەی پێداوە، ئەم هەنگاوە «چەکێکی دووسەرەیە» و زیانەکەی تەنها بۆ وڵاتانی کەنداو و ڕۆژئاوا نابێت، بەڵکو خودی سیستەمی پەیوەندی و ئابووریی ئێرانیش کە بەستراوەتەوە بە هەمان ژێرخان تووشی داڕمان دەکات.

لە کاتێکدا جیهان چاوی لەسەر گەرووی هورمز بوو وەک کارتێکی نەوتی، ئێستا سەرهەڵدانی جەنگی کێبڵە دەریاییەکان نیشانی دەدات کە مەترسیی ڕاستەقینە لە قووڵایی ئاودایە و دەتوانێت جیهانی مۆدێرن بە یەک لێدان بۆ چەند دەیەیەک بگەڕێنێتەوە دواوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP