دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

جیهان لەسەر پشکۆی ئاگرە ململانێی زلهێزەکان گەیشتە توندترین ئاستی دوای جەنگی دووەمی جیهان

ھەرێم نیوز

جیهان بە قۆناغێکی پڕ لە گرژی و ململانێی بێوێنەدا گوزەر دەکات، بە جۆرێک دابەشبوون و لێکترازانی نێوان جەمسەرە سەرەکییەکانی دەسەڵات (ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، چین و یەکێتیی ئەوروپا) بە گەورەترین و قوڵترین دابەشبوون لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانییەوە هەژمار دەکرێت.

 

ئەم لێکترازانە سیاسییە تەنها لە چوارچێوەی لێدواندا نەماوەتەوە، بەڵکو بووەتە هۆی تەقینەوەی دەیان ململانێی چەکداری و سەرهەڵدانی جەنگێکی ساردی دارایی کە بارگرانییەکی قورسی بەسەر خەڵک و بازاڕەکاندا سەپاندووە.  

بەگوێرەی دوایین ڕاپۆرتی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور، لە ئێستادا ١٣٠ ململانێی چەکداری لە سەرتاسەری جیهاندا لە ئارادان.

 

ئەم ئامارە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کە تێیدا تەنها ٦٥ ململانێ تۆمارکرابوو، دەری دەخات ڕێژەی شەڕ و ئاڵۆزییە مەیدانییەکان بە شێوەیەکی مەترسیدار بۆ دوو هێندە هەڵکشاوە.

 

هاوکات لە بەرەی ململانێ ئابوورییەکاندا، بەپێی ئامارە فەرمییەکانی کۆشکی سپی، لە ئێستادا ٩٦ دەوڵەتی جیهان کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی پێناسە و باجە گومرگییە قورسەکانی دۆناڵد ترەمپ، ئەمەش جووڵەی بازرگانیی نێودەوڵەتیی تووشی پەککەوتن کردووە.  

کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی (WEF) زەنگی هۆشداریی لێداوە و ئاشکرای دەکات کە تێچوو و زەرەری ڕاستەوخۆی ساڵانەی ئەم دابەشبوون و لێکترازانە ئابوورییە دەگاتە ٣٠٠ ملیار دۆلار.

 

ڕاپۆرتەکە هۆشداریش دەدات لەوەی ئەگەر بازنەی دابەشبوونی نێوان ئەم بلۆکە زلهێزانە زیاتر پەرە بسەنێت، ڕەنگە کۆی زیانە پێشبینیکراوەکان بگاتە ٧ تریلیۆن دۆلار، تەنانەت بەبێ ئەوەی هیچ پێکدادانێکی سەربازیی ڕاستەوخۆش لە نێوان ئەو زلهێزانەدا ڕووبدات.  
لێکەوتە نەرێنییەکانی ئەم دۆخە پڕ لە گرژییە بە چەندین ئاراستەدا ڕەنگیان داوەتەوە:  

 بازاڕی وزە و سووتەمەنی: داتاکانی بازاڕی دارایی (TradingView) ئاماژە بەوە دەکەن نرخی نەوتی خاو و گازی سروشتی گەیشتوونەتە بەرزترین ئاستی خۆیان لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا. 

 هەڕەشە لەسەر ئاسایشی خۆراک: پچڕانی هێڵەکانی گواستنەوە و دابینکردنی پەینی کیمیایی، کەرتی کشتوکاڵی لەسەر ئاستی جیهان تووشی تەنگژە کردووە و مەترسیی کەمبوونەوەی بەرهەمی خۆراکی دروستکردووە.  

 بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و ڕێژەی سوود: شەپۆلی گرانیی بازاڕەکان بانکە ناوەندییەکانی ناچار کردووە ڕێژەی سوودی بانکی بەرز بکەنەوە تا ڕێگری لە داڕمانی دراوەکان و هەڵاوسان بگرن. ئەم ڕێکارانەش بوونەتە هۆی ئەوەی سوودی سەنەداتە داراییەکانی حکومەت لە ئەمریکا، ئەوروپا، ژاپۆن و ئوسترالیا بۆ بەرزترین ئاستی بیست ساڵی ڕابردوو بەرزببێتەوە.  

چاودێرانی ئابووری پێیان وایە کە پەنگخواردنەوەی ئەم هەموو قەیرانە دارایی و سەربازییانە بە یەکەوە، ژینگەیەکی ناجێگیری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی خوڵقاندووە کە دەکرێت مەترسیی گەورە لەسەر گەشەی ئابووری و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی لە تەواوی کیشوەرەکاندا دروست بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP