هەرێم نیوز
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا بە نیگەرانییەوە ئاماژەی بەوە دا کە چاودێریی ئەو لێکتێگەیشتنانە دەکات کە حکوومەتی فیدراڵ سەبارەت بە دۆخی شنگال، بە شێوەیەکی تاکلایەنە و بەبێ ڕاوێژ لەگەڵ حکوومەتی هەرێم ئەنجامیان دەدات، و جەختیشی کردەوە که هەر هەنگاوێکی لەو شێوەیە، پێچەوانەی ڕێککەوتننامەی شنگالە کە لە تشرینی یەکەمی 2020ـدا واژۆ کراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی ناوخۆ لە ڕاگەیەنراوەکەدا بە بیر هەموو لایەکی هێنایەوە کە شنگال و چیای شنگال بە خوێنی 500 شەهید و 3 هەزار برینداری پێشمەرگە ئازاد کراوە، بۆیە دەبێت ڕێز لەو قوربانی و تێکۆشانە بگیرێت. هاوکات هۆشداریشی دا کە سەپاندنی واقیعێکی ئەمنی و کارگێڕیی نەخوازراو لە دەرەوەی دامەزراوە شەرعییەکان، دۆخی دەڤەرەکە ئاڵۆزتر دەکات و پرۆسەی ئاساییکردنەوە لەباردەبات.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە که تاکە ڕێگەچارەی دروست، جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتننامەی شنگالە بۆ پێکهێنانی ئیدارەیەکی شەرعی،، دەستپێکردنەوەی ئاوەدانکردنەوە،و گەڕانەوەی شکۆمەندانەی ئاوارە ئێزدییەکان.
وەزارەتی ناوخۆ داوای لە حکوومەتی فیدراڵ کرد پابەندی ڕێککەوتنەکان بێت، یان بگەڕێتەوە بۆ ڕا و ئیرادەی خەڵکی شنگال و بەتایبەتی ئێزدییەکان تاوەکو خۆیان بڕیار لەسەر ئایندەی ناوچەکەیان بدەن، چونکە سەقامگیریی دەڤەرەکە لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکەوەیە.