هەرێم نیوز
کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕێنماییەکان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری لەگەڵ ئەنجومەنی ڕاژەی گشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو، و تێیدا ڕەشنووسی ڕێنماییەکانی تایبەت بە بەگەڕخستنەوەی پرۆسەی «لەجێگەدانان» واژۆ کرا.
ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاوی کردەوە که کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە ئامادەکردنی ڕەشنووسی ڕێنمایی و ڕێکاری پێویست سەبارەت بە بڕیاری سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (303) لە ڕێکەوتی 16ـی ئەیلوولی 2026، کە تایبەتە بە بەگەڕخستنەوەی پرۆسەی «لەجێگەدانان» بۆ پڕکردنەوەی شوێنی ئەو وانەبێژ و کارمەندانەی کە بە شێوەی جیاجیای گرێبەست لە سەر میلاکی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەسەر داهاتی ناوخۆ دامەزراون، و دواتر بە هۆکاری خانەنشینبوون، کۆچی دوایی، دەستلەکارکێشانەوە یان هەر هۆکارێکی تر کۆتایی بە خزمەتەکەیان هاتووە.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە که دوای گفتوگۆیەکی ورد، ڕەشنووسی ڕێنماییەکە لەلایەن تیمەکانی هەردوولاوە واژۆ کرا و ڕەوانەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت بە مەبەستی پەسەندکردنی، ئەوەش لەسەر بنەمای ڕەخساندنی هەلی یەکسان و پڕکردنەوەی شوێنە بەتاڵەکان بە کەسانی شایستە بەپێی مەرج و پێوەرە تایبەتەکان.