دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

نێچیرڤان بارزانی: هەر چارەسەرێک بۆ شنگال دەبێت لەسەر بنەمای داخوازیی ئێزدییەکان بێت

هەرێم نیوز

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا کە لە زانکۆی دهۆک پێشکەش کرا دووپاتی کردەوە، ئەرکی سەرشانیانە قوربانییانی شەڕ و تیرۆر بە تەنیا جێ نەهێڵن، هاوکات جەختی کردەوە کە هەر چارەسەرێک بۆ شنگال دەبێت لەسەر بنەمای داخوازی و بەرژەوەندیی ئێزدییەکان خۆیان بێت.

یادی ۱۰ ساڵەی دامەزراندنی پەیمانگەی تراوما
بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، زانکۆی دهۆک ڕێوڕەسمێکی بۆ یادی ۱۰ ساڵەی دامەزراندنی (پەیمانگەی چارەسەری دەروونی و تراوما) لە زانکۆکە ئەنجام دا، کە ژمارەیەکی بەرچاو لە ئێزدییان و میوانانی ناوخۆیی و بیانی ئامادەی بوون.

لە ڕێوڕەسمەکەدا وتاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشکەش کرا، کە لە لایەن دلشاد شەهاب، یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە خوێندرایەوە.

پشتگیریی بەردەوام بۆ ڕزگاربووانی کارهەسێنەکان
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وتارەکەیدا جەختی لەسەر بەردەوامیی پاڵپشتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ قوربانییانی دەستی تیرۆر و کارەساتی شنگال کردەوە.
لە پەیامەکەدا هاتبوو کە هەرێمی کوردستان درێغی ناکات لە پێشکەشکردنی هاوکاریی دەروونی، کۆمەڵایەتی و ئیداری بۆ ئێزدییەکان، و ڕزگارکردنی ڕفێندراوان لە سەرووی کارە لەپێشینەکاندا دەمێنێتەوە.

دەقی وتارەکەی نێچیرڤان بارزانی:

ئامادەبووانی به‌ڕێز
ڕۆژتان باش..
دەستخۆشی، سوپاس و پێزانین پێشکەش به‌ (پەیمانگەی چارەسەری دەروونی و تراوما) لە زانکۆی دهۆک و هاوبەشەکانی دەکەم بۆ سازدانی ئەم چالاکییە، هەروەها بۆ کارە گرنگەکەی لە یارمەتیدان و کەمکردنەوەی ئێش و ئازاری ئەو کەسانەی لە ئەنجامی شەڕ، تیرۆر و توندوتیژی ناڵاندوویانە.

دە ساڵ لەمەوبەر، دامەزراندنی ئەم پەیمانگەیە هەنگاوێکی گرنگ و پێویست بوو تا بتوانێت خزمەتی قوربانییان بکات. ئەم کارەی زانکۆی دهۆک، کارێکی بەهادار و به‌نرخه‌ کە هاوشانی ئەرکە زانستی و ئەکادیمییەکەی خۆی، گرنگیی داوەتە بوارێکی کاریگەری ناو کۆمەڵگەش. هیوادارین ئەم نموونەیە زیاتر ببێت و بە شێوەیەکی بەرفراوانتر گرنگیی پێ بدرێت.

گەلی کوردستان و عێراق ساڵانی درێژی شەڕ و نەهامەتییان تێپەڕاند. زۆرێک لە هاووڵاتییانی ئێمە، کەسوکار و ماڵەکانیان لەدەست دا، خەڵکێکی دیکەش ناچار بوون ناوچەکانی خۆیان جێبهێڵن و دوور لە زێد و ماڵی خۆیان بژین. ئەو جینۆسایدەی کە داعش بەسەر ئێزدییەکاندا هێنای، یەکێک لە دڕندانەترین کارەساتەکان بوو.
کاریگەرییەکانی ئەم نەهامەتییە تەنیا بە کۆتاییهاتنی شەڕەکان، یان گەڕانەوەی خەڵک بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان کۆتایی نایەت. هەندێک برین هەن لە دەروون و قووڵاییی مرۆڤەکاندا دەمێننەوە، پێویستیان بە کات و چاودێری هەیە تا چارەسەر ببن. ئەرکی سەرشانی ئێمەیە ئەو کەسانەی تووشی ئەم کارەساتانە بوون، بەتەنیا جێنەهێڵین. دەبێت هاوکارییان بکەین تا ژیان، بڕوا و ئومێدیان بە داهاتوویەکی باشتر بگەڕێتەوە.

ئامادەبووانی به‌ڕێز..

ئەو خزمەتگوزارییانەی چارەسەری دەروونی کە ئەم پەیمانگەیە لە دهۆک و شنگال پێشکەشیان دەکات، هەروەها هەوڵەکانی بۆ پێگەیاندنی پسپۆڕان، شایستەی هەموو دەستخۆشی و پێزانینێکە. کاری ئەم پەیمانگەیە تەنیا یارمەتیدانی زیانلێکەوتووان نییە بۆ نەهێشتنی ئازارەکانیان، بەڵکوو پێگەیاندنی کادیری لێهاتووش کارێکی گرنگە تا بتوانن لە داهاتوودا بەردەوامی بەم ئەرکە گرنگە بدەن و بتوانن خزمەتی کۆمەڵگە بکەن.
لەبەر ئەوە دیسان ده‌مه‌وێت سوپاس و دەستخۆشی لە زانکۆی دهۆک، سەرپەرشتیارانی پەیمانگە و هەموو کارمەندەکانی بکەم بۆ هەوڵە دڵسۆزانەکانیان.
هەروەها سوپاس و پێزانین بۆ حکوومەت و زانکۆ و ناوەندەکانی ئەڵمانیا کە پشتیوانی لەم پڕۆژە مرۆیییە دەکەن. ئەڵمانیا لە کاتە سەختەکاندا پشتیوانی لە گەلی کوردستان کردووە. ئێمە زۆر بە ڕێز و پێزانینەوە لە پشتیوانی و هاوکاریی بەردەوامی ئەوان دەڕوانین، بەتایبەتی هاوکارییان بۆ ڕزگاربووانی دەستی تاوانەکانی داعش.

ئامادەبووانی به‌ڕێز،
ئەو کەس و قوربانییانەی بەهۆی کاریگەرییەکانی شەڕ و ترۆماکانی دەروونییەوە دەناڵێنن، پێویستیان بەوەیە هەست بکەن کە بەتەنیا نین. پێویستە ببینن کەسانێک هەن خزمەت و چاودێری و هاوکارییان دەکەن. گرنگە هەموو ئەو کەسانەی پێویستیان بە هاوکاریی دەروونی هەیە، بزانن داواکردنی چارەسەر کارێکی ئاسایییە و ناکرێت کەس لەسەر ئەم بابەتە هەست بە شەرم یان ناڕەحەتی بکات.

لەبەر ئەوەش، جەخت لەسەر گرنگیی بەردەوامیی پشتیوانیی حکوومی و نێودەوڵەتی دەکەینەوە بۆ ئەم هەوڵانە، هەروەها جەخت لە بەرفراوانکردنی خزمەتگوزارییەکانی چارەسەری دەروونی دەکەینەوە تا بگاتە دەست هەموو ئەو کەسانەی پێویستیان پێیەتی، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە بەدەست تیرۆر و دەربەدەرییەوە ناڵاندوویانە.
دەبێت هەموو قوربانییان و خه‌ڵكى ئێمە لە کاریگەری و شوێنەوارەکانی ئەو قۆناغە چاک ببنەوە و ڕزگاربووان و زیانلێکەوتووان بتوانن بە ئارامی، کەرامەت و ئومێدێکی گەورەوە بەردەوامی بە ژیانيان بدەن.

هەر لەم دەرفەتەدا جەخت دەکەینەوە کە هەمیشە وەک به‌ هاوکار و پشتیوانی هەموو مافەکانی هاووڵاتییانی ئێزدیمان دەمێنینەوە و هەر کار و پلانێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان لە شنگال و لە هەر شوێنێکی تر، دەبێت لەسەر بنەمای داخوازی و بەرژەوەندییەکانی ئێزدییان خۆیان بێت.
لە کۆتاییدا، سوپاس و پێزانین بۆ هەموو ئەو کەسانە دووپات دەکەینەوە کە لەپێناو ئەم ئامانجە مرۆیییە پیرۆزەدا کار دەکەن. هیوای بەردەوامی و سەرکەوتن بۆ (پەیمانگەی چارەسەری دەروونی و تراوما) لە زانکۆی دهۆک دەخوازم.

زۆر سوپاس.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP