دواین هەواڵ

کوردستان‌

 15 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی دارایی ڕوونکردنەوە لەسەر لێبڕینی خانەنشینیی فەرمانبەران دەدات

هەرێم نیوز
⠀
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوە لەسەر پرسی لێبڕینی سەدا سێی مووچەی فەرمانبەران بۆ سندووقی خانەنشینی دەدات و ڕایدەگەیەنێت کە ئەو بڕە پارەیە وەک قەرز بۆ ماوەی ١٠ ساڵ ئەژمار کراوە.
⠀
ئەمڕۆ شەممە، 31ـی 10ـی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی بڵاویکردەوە، بەپێی یاسای ژمارە نۆی خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق لێبڕینی خانەنشینی بۆ هەر فەرمانبەرێک سەدا ٢٥ـە، کە حکومەت سەدا ١٥ی دەدات و سەدا ١٠ی لەسەر فەرمانبەرە.
⠀
ئاماژەی بەوەش کردووە، پێش جێبەجێکردنی ئەو یاسایە لە هەرێم تەنیا سەدا حەوت وەک لێبڕینی خانەنشینی دەبڕدرا، بۆیە ئێستا دەبێت ئەو جیاوازییەی پێشتر نەبڕدراوە کە سەدا سێیە و بۆ ماوەی دە ساڵ وەک قەرز ئەژمار کراوە بگەڕێندرێتەوە بۆ حکومەتی فیدراڵ.
⠀
وەزارەتی دارایی هەرێم جەختی لەوەش کردەوە کە بڕینی مانگانەی زیاتر لە ٢٦ ملیار دینار لە تەمویلی هەرێم پەیوەندی بەوانەوە نییە، بەڵکو دەبوو وەزارەتی دارایی عێراق ئەو پارەیەی بۆ سندووقی خانەنشینی بناردایە و ڕوونکردنەوەکانی پەرلەمانتارانیشی لەو بارەیەوە ڕەتکردەوە.

دەقی راگەیەنراوکە:

( يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِن جَاءَكُمْ فَاسِقٌ بِنَبَإٍ فَتَبَيَّنُوا أَن تُصِيبُوا قَوْمًا بِجَهَالَةٍ فَتُصْبِحُوا عَلَىٰ مَا فَعَلْتُمْ نَادِمِينَ )

سەرنجێکی گرنگ بۆ هەموو ئەوانەی هەڵمەتە کاسە بەناو دەکەون. 

بەپێی یاسای ژمارە ( ٩ ) خانەنشینی یەکگرتووی عێراق لێبڕینی خانەنشینی بۆ هەر فەرمانبەرێک بریتییە لە ( ٢٥ ٪ ) ، کە لەو ڕێژەیە حکومەت لە ( ١٥ ٪ ) ی دەدات و لە ( ١٠ ٪ ) لەسەر فەرمانبەرە، لەساڵانی ڕابردوودا پێش جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ( ٩ )  حکومەتی هەرێم بە یاسا کۆنەکە تەنها لە ( ٧ ٪ ) وەک لێبڕینی خانەنشینی لەفەرمانبەران بڕی بوو، کە بڕیاری جێبەجێکردنی یاساکە درا لە هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیش ڕەزامەندی نیشاندا، پێویستە ئەو جیاوازییە کە پێشتر نەبڕدرابوو جێبەجێ بکرێت.

١- بەو پێیەی هەموو خانەنشینان و فەرمانبەرانی هەرێم سوودمەند دەبن لە یاساکە، پێویستە هەموو فەرمانبەران و خانەنشینان ئەو جیاوازییە کە بۆ ماوەی ( ١٠ ) ساڵ وەک قەرز هەژمار کرابوو بدەنەوە بە حکومەتی فیدراڵ کە بریتییە لە ( ٣٪ ) . 

٢- لەسەر ئەم بابەتە تیمێکی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ ماوەی چەند مانگێک لە گفتوگۆدا بوون بۆ دیاریکردنی میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەو لێبڕینی لە ( ٣ ٪ ) یە، کە کۆنووسەکەیان هاوپێچە لە خوارەوە.

٣-لەم بابەتەدا وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دوور و نزیک پەیوەندی بەوەوە نییە کە ئەو پارەیەی لەناوەڕاستی ساڵی ڕابردووەوە مانگانە لە تەمویلی مووچەی هەرێم بۆ ئەو لە ( ٣ ٪ ) یە بڕدراوە و بۆ هەر مانگێک زیاتر لە ( ٢٦ ) ملیار دینارە ، کە بەپێی یاسا بەرکارەکان پێویست بوو لە لایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بنێردرایە بۆ سندوقی خانەنشینی یەکگرتووی عێراق.

٤- نەدەبووایە دکتۆر ڕێبوار ئۆباڵی ئەو کەمتەرخەمیەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بخاتە ئەستۆی حکومەتی هەرێم، ئەگەر بەڕێزیان مەبەستیانە دەتوانن سكاڵا لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکەن لەدادگا، نەک هەروەک کردوویانە بە پیشە هەمیشە هەرێم تاوانبار بکات. 

٥- بۆ ئاگاداری جەنابی دکتۆر ڕێبوار وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕێکەوتی ( ٢٠٢٥/٦/٣ ) ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر ئەم بابەتە دابوو ، کە دەبووایە جەنابیان بێ ئاگا نەبوونایە هەروەک وانیشان دەدەن کە خەمخۆری مووچەخۆران و خانەنشینانن؟! 

هاوپێچ، روونکردنەوەکە 

https://www.facebook.com/share/1Bbk11v7eo/ 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری / وەزارەتی دارایی و ئابووری
٣١ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP