دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 13 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرۆکایەتیی هەرێم: خاکی هەرێم بۆ هێرش بەکارناهێنرێت

‎

تەنگژەی نێوان واشنتن و تاران لە 
ڕوانگەی هەولێرەوە؛ هەرێمی کوردستان چۆن هاوسەنگیی ئەمنی دەپارێزێت و ئامادەیی پشتیوانیی ئاشتی دەردەبڕێت؟
 
د.نوری عوسمان، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی «RT» ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوازێک ڕێگە نادات خاکی خۆی وەک بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر دەوڵەتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت. جەختیشی کردەوە کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پەیوەندییە بەردەوامەکانیەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای واشنتن و تاران جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەرێم بەشێک نییە لەم شەڕ و کێشەیە، ئەم پەیوەندییانەش کاریگەریی بەرچاویان هەبووە لە کەمکردنەوەی لێدان و پەلامارەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان.

 

دەربارەی ئەو تۆمەتانەی لەسەر بوونی بنکەی سەربازی و هەواڵگری دەکرێن، نوری عوسمان ڕوونی کردەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندی تەواوی دەستوورە و هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە؛ هاوکات شاندێکی فەرمیی ئێرانی خۆیان سەردانی فڕۆکەخانەی هەریریان کردووە و لە نزیکەوە دڵنیابوونەتەوە کە هیچ بنکەیەکی سەربازیی سەر بە مۆسادی ئیسرائیلی لەو فڕۆکەخانەیەدا بوونی نییە.

 

سەبارەت بە دۆخی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد کە ئەوان دابەش دەبن بەسەر دوو بەشدا کە بریتین لە پەنابەر و بەشێکی دیکەیان چەکداری خاوەن چەکی سووک، بەبێ ئەوەی هیچ سەربازگەیەکی سەربازییان هەبێت. لە ئەنجامی ڕاوێژ و هەماهەنگیی لێژنە هاوبەشەکانیش، تەواوی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە خاڵە سنوورییەکان کشێنراونەتەوە و بە قووڵایی ٤٠ کیلۆمەتر بۆ ناوەوەی هەرێمی کوردستان دوورخراونەتەوە، و چەندین جاریش ئاگادار کراونەتەوە کە نابێت خاکی هەرێم بۆ پەلاماردانی وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنن. جەختیشی کردەوە کە دەنگۆی پێدانی چەکی ئەمریکی بەوان لە ڕێگەی هەرێمەوە دوورە لە ڕاستییەوە وتی: «ئێران تۆمەتبارمان دەکات بە داڵدەدانیان، لە بەرامبەردا ئەمریکییەکانیش لۆمەمان دەکەن بۆچی چەکمان ڕادەستی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران نەکردووە، لە کاتێکدا ئێمە بێلایەنین، چەکمان لە واشنتن وەرنەگرتووە و ئەو قسانەش بنەمایان نییە».

 

لە درێژەی لێدوانەکەیدا، نوری عوسمان ئاماژەی بە پرسی ئاشتی لە تورکیا کرد و هیوای خواست پرۆسەی ئاشتی بچێتە پێشەوە و ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان ئامادەی هەموو پشتیوانییەکە بۆ پرۆسەی ئاشتی، جەختیشی کردەوە کە لە ئێستادا ڕێککەوتنێک هەیە بۆ بەشداریکردن و خستنەناوەوەی بەشێک لە ئەندامانی یەپەژە لە نێو ڕیزەکانی هێزی پۆلیس لە شنگال. هاوکات جەختیشی کردەوە کە هێزی پێشمەرگە بە هێزێکی دەستووری و فەرمییە هەر بەراورد کردنێک لەیوان هیزێکی دەستوری و میلیشیا نایاساییەکان ڕەتکردەوە، و ڕوونی کردەوە کە ئەو چەکانەی لە کاتی شەڕی داعش دراونەتە پێشمەرگە بە ئاگاداریی فەرمی بووە، هاوکات پشتیوانی لە پرۆسەی کۆکردنەوەی تەواوی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دوپاتکردەوە.

 

لە ڕوانگەی ئابووریشەوە، جەختی کردەوە کە جەنگی ئەمریکا و ئێران زیانی گەورەی ئابووریی بەدوای خۆیدا هێناوە؛ بەجۆرێک توانای هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کە ٢٥٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە بە هیچ شێوەیەک قەرەبووی هەناردەی نەوتی باشوور ناکاتەوە. لە بەشی کۆتایی قسەکانیدا، پەیوەندییە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ڕووسیای بە تایبەت لە ڕێگەی کۆمپانیای «ڕۆسنەفت» بە گرنگ وەسفکرد و ڕایگەیاند کە کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕووسیا بەبێ هیچ گوشارێکی ئەمریکی کارەکانیان ئەنجام دەدەن، جەختیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەستکاریکردنی دەستووردا نییە و پرسەکە پێویستی بە کۆدەنگی و سازانی گشتییە.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP