هەرێم نیوز
ڕۆژنامەی «ئیسرائیل هیۆم» لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە ئاشکرای کرد کە ڕۆمان گۆفمان، سەرۆکی نوێی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد)، پشتیوانی لە پلانەکەی بنیامین نەتانیاهۆ کردووە بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی کتوپڕ و سنووردار دژ بە ئێران، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل لەبەردەم هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانیدایە.
ئەم هەڵوێستەی سەرۆکی نوێی مۆساد لە کاتێکدایە کە ئەیال زامیر، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل بە توندی دژایەتیی ئەم بڕیارە دەکات.
سەرچاوەیەکی باڵای سەربازی ڕوونی کردووەتەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە تەنها لێدانێکی کتوپڕ و سنووردارە نەک شەڕێکی فراوان، جەختیشی کردەوە کە بڕیاری هەڵگیرساندنی جەنگی گشتگیر تەنها لە دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادایە نەک تەلئەبیب.
لە بەرامبەردا، پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل نەتانیاهۆ تۆمەتبار دەکەن بەوەی دەیەوێت کارتی هێرشکردنە سەر تاران بۆ بەرژەوەندیی کەمپەینی هەڵبژاردن و ڕزگارکردنی هاوپەیمانێتییە لەرزۆکەکەی بەکاربهێنێت کە بەپێی ڕاپرسییەکان لەبەردەم شکستی گەورەدایە.
لەلایەکی ترەوە، نەتانیاهۆ لە لێدوانەکانیدا ئاماژەی بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ دژ بە تاران کرد و ڕایگەیاند کە ڕێنمایی بە مۆساد و سوپای ئیسرائیل داوە بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران، هاوکات ئاماژەی بە داواکارییەکەی دۆناڵد ترەمپ کرد کە داوای لە دەنگدەرانی ئیسرائیل کردووە دەنگ بە نەتانیاهۆ بدەنەوە بۆ "تەواوکردنی ئەرکەکە".
بەڵام کۆشکی سپی لە ڕێگەی ئانا کێلی، جێگری وتەبێژی فەرمییەوە ڕایگەیاند کە ئەمریکا هیچ هێرشێک دژ بە ئێران ئەنجام نادات پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس لە ٣ی نۆڤەمبەردا.
هاوکات لە بەرەی باکوورەوە، ئاژانسی «ڕۆیتەرز» لە زاری بەرپرسانی ئەمنیی لوبنانەوە بڵاویکردەوە کە حزبوڵڵا لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا بە چڕی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ دژ بە ئیسرائیل ئامادە دەکات.
بەپێی سەرچاوەکان، حزبوڵڵا دەیان ملیۆن دۆلاری لە تارانەوە پێگەیشتووە و خەریکی بنیاتنانەوەی سیستەمی سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵ، دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر و کۆکردنەوەی تەقەمەنییە بۆ لێدانی بنکەکانی ئیسرائیل، هەرچەندە ئاماژە بەوەش کراوە کە ئامادەکارییە سەربازییەکانی حزبوڵڵا تاوەکو ئێستا بە تەواوی کۆتاییان نەهاتووە.