هەرێم نیوز
جەنگی کانزا دەگمەنەکان لە ئاسیادا گەرم دەبێت؛ چۆن کۆنتڕۆڵی ٩٩٪ی کانزای «ئیتیریۆم» لەلایەن چینەوە پیشەسازیی ژاپۆنی خستووەتە لێواری داڕمان؟
تەنها چەند مانگێکی کەم لەبەردەم تۆکیۆدا ماوە پێش ئەوەی یەدەگی ستراتیژیی خۆی لە کانزای «ئیتیریۆم» (Yttrium) بە تەواوی لێ ببڕێت؛ ئەم کانزایە کە بە بەرگرییە بەرزەکەی لە بەرامبەر گەرمیدا دەناسرێتەوە، پێکهاتەیەکی بنەڕەتی و یەکلاکەرەوەیە لە دروستکردنی ئۆتۆمبێل، بزوێنەری فڕۆکە و چیپی ئەلیکترۆنی (سیمی کۆنداکتەر).
پەیوەستبوونی ژاپۆن بەم کانزایەوە گەورەترین لاوازیی ئابووریی ئەو وڵاتەی ئاشکرا کردووە، بەوپێیەی پەکین کۆنتڕۆڵی نزیکەی ٩٩٪ی پرۆسەی بەرهەمهێنان و پاڵاوتنی ئەم کانزایە لەسەر ئاستی جیهان دەکات و تۆکیۆش بە شێوەیەکی ڕەها پشتی پێ بەستووە چونکە هیچ بەدیلێکی دیکە لە ئارادا نییە.
بەڵام لە کاردانەوەی لێدوانە سیاسییەکانی ژاپۆن سەبارەت بە پرسی تایوان کە تووڕەیی توندی پەکینی لێکەوتەوە، دەسەڵاتدارانی چین بڕیاریان دا کۆتوبەندی توند بخەنە سەر هەناردەکردنی ئەم کانزایە بۆ ژاپۆن.
ئەم بڕیارەی پەکین شۆکێکی گەورەی لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا دروستکرد؛ بەجۆرێک نرخی ئۆکسیدی ئیتیریۆم لە دەرەوەی خاکی چین بە ڕێژەی زیاتر لە ١٧٩ هێندە بەرزبووەوە و گەیشتە ١١٥٠ دۆلار بۆ هەر کیلۆگرامێک، لە کاتێکدا نرخی هەمان کانزا لە نێوخۆی چیندا لە ٩ دۆلار بۆ هەر کیلۆیەک تێناپەڕێت.
لە بەرامبەر ئەم خنکاندنە پیشەسازییەدا، ژاپۆن هەوڵ دەدات پشت بە ئیدارەی ئەمریکا ببەستێت بۆ ئەوەی گوشار بخاتە سەر چین تاوەکو کۆتوبەندەکان کەم بکاتەوە. هۆکاری سەرەکیی هاتنەناوەوەی واشنتن بۆ ئەم تەنگژەیە ئەوەیە کە پچڕانی کانزاکە بە تەنها زیان بە ژاپۆن ناگەیەنێت، بەڵکو کەرتی پیشەسازیی بەرگریی ئەمریکاش تووشی زیانی گەورە دەکات، بەهۆی ئەوەی واشنتن لە کەرتی سەربازی و چەکدا پشت بەو پارچە و کەرەستە ژاپۆنییانە دەبەستێت کە لە دروستکردنیاندا کانزای ئیتیریۆم بەکارهاتووە.