دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

ترسنۆکەکان دانوستانیان تێکدا»؛ پزیشکیان واشنتن تۆمەتبار دەکات و هەواڵگریی ئەمریکا هۆشداری لە هێرشی پێشوەختەی ئێران دەدات

هەرێم نیوز

تەنگژەی واشنتن و تاران بەرەو تەقینەوە دەچێت؛ تاوانبارکردنی ئەمریکا لەلایەن ئێرانەوە و زەنگی ئامادەباشیی هەواڵگریی ئەمریکا مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بە بەرپرسیاری ڕاستەوخۆی شكستهێنانی ڕێککەوتنی کاتی لە نێوان هەردوو وڵاتدا لەقەڵەمدا، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە هێشتا پێویستە هەوڵێکی نوێ بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتن بدرێت.

پزیشکیان لە لێدوانێکی تونددا ڕایگەیاند: «ئێمە سەرقاڵی دانوستان بووین، بەڵام ترسنۆکەکان (ئەمریکییەکان) هەموو شتێکیان تێکدا... من هێشتا لەو بڕوایەدام پێویستە بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێین و ڕێککەوتنەکە واژۆ بکەین». لە بەرامبەردا لە واشنتن، جی کلایتۆن، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا لە یاداشتێکی بەپەلەدا بۆ مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هۆشدارییەکی ئەمنیی توندی دا و ئاشکرای کرد کە ئێران هەوڵەکانی بۆ بەئامانجگرتنی هاووڵاتییان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکەش «بەشێوەیەکی بەرچاو چڕکردووەتەوە».

لە یاداشتەکەی هەواڵگریی ئەمریکادا هاتووە کە «پلانە کوشندەکانی ئێران دژ بە هاووڵاتییانی ئەمریکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی دیکەش گەیشتوونەتە قۆناغی زۆر پێشکەوتوو». هاوکات لەگەڵ ئەم هۆشدارییە هەواڵگرییانە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی دەتوانێت بە خێرایی کۆتایی بە شەڕ لەگەڵ ئێراندا بهێنێت، بەڵام پرسیاری ئەوەی خستەڕوو کە ئایا لە بەرژەوەندیی واشنتندایە بە خێرایی کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت یان لێی بگەڕێت ململانێکە بە شێوەیەکی پلەبەپلە و خۆبەخۆ دابمرکێتەوە.

ئەم پێشهاتە خێرایانە هاوکاتن لەگەڵ زیادبوونی نیشانەکان بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران، بەتایبەت دوای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕێکارە ئەمنییەکانی لە ناوچەکەدا توندتر کرد، ژمارەی فەرمانبەرانی باڵیۆزخانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەمکردەوە، و هۆشداریی فەرمیشی دایە هاووڵاتییانی سەبارەت بە مەترسییە گەورەکانی ناوچەکە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP