لاڤرۆڤ لە کەنداوەوە زەنگی مەترسی لێدەدات: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لێواری جەنگێکی گشتگیردایە
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، لە هۆشدارییەکی بەپەلەدا ڕایگەیاند کە بارودۆخی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی یەکجار هەستیار و مەترسیداردا تێدەپەڕێت و لە لێواری هەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیردایە.
لاڤرۆڤ لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە مەنامەی پایتەختی بەحرێن، دوای کۆتاییهاتنی نۆیەمین خولی گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان ڕووسیا و ئەنجومەنی هاریکاریی وڵاتانی کەنداو، گوتی: "دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر لێواری دەستپێکردنەوەی جەنگێکی سەرتاسەری و گشتگیر لە لەرزیندایە."
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا باسی لە خراپتربوونی دۆخی باشووری نیمچەدوورگەی عەرەبی و بەتایبەت کێشەی یەمەن کرد و جەختی لەوە کردەوە کە مۆسکۆ و وڵاتانی کەنداو پشتیوانی لە چارەسەری سیاسی و دیپلۆماسی دەکەن، هاوکات نەخشەڕێگەی ساڵی ٢٠٢٣ی سعودیە بە بنەمایەکی گونجاو دەزانن بۆ دەربازبوون لەو تەنگژەیە.
لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەش کرد کە پێویستە هۆکارە بنەڕەتییەکانی ئەو ئاڵۆزییانەی لە گەرووی هورمز و دەوروبەریدا ڕوودەدەن چارەسەر بکرێن، لە سەرووشیانەوە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانەی لە چوارچێوەی "یاداشتی ئیسلام ئاباد"دا لە نێوان ئەمریکا و ئێران بەدەستهاتوون.
بەحرێن وێستگەی یەکەمی گەشتەکەی لاڤرۆڤە بۆ ناوچەکە، کە بڕیارە سبەینێ دووشەممە بە سەردانێکی فەرمی بگاتە تاران و لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆببێتەوە.