دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕاپرسییە نوێیەکانی ئەمریکا: ترەمپ لەبەردەم شکستی هەڵبژاردندایە و دیموکراتەکان کۆنترۆڵی کۆنگرێس دەکەنەوە


 
نوێترین ڕاپرسییە باوەڕپێکراوەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشداری دەدەن لە ئەگەری ڕوودانی شکستێکی گەورەی هەڵبژاردن بۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و پارتی کۆماری لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولدا، بە جۆرێک ڕێژەی جەماوەریی سەرۆک بۆ نزمترین ئاستی مێژوویی خۆی دابەزیوە و گەیشتووەتە ٣٣٪.

 

بەپێی ئەنجامەکانی ڕاپرسییە هاوبەشەکەی «واشنتن پۆست»، کەناڵی «ABC News» و پەیمانگای «ئیپسۆس»، ٦٦٪ـی هاووڵاتیانی ئەمریکی لە شێوازی کارکردنی ترەمپ ناڕازین و زیاتر لە نیوەیان (٥٢٪) بە تەواوی دژایەتیی دەکەن. هەروەها ٧٢٪ پێیان وایە کە وڵات بەرەو ئاراستەیەکی هەڵە و مەترسیدار هەنگاو دەنێت؛ هۆکاری سەرەکیی ئەم بێئومێدییەش بۆ گرانیی بژێوی، هەڵاوسانی بازاڕ، بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی سووتەمەنی و تێچووەکانی جەنگ لەگەڵ ئێران دەگەڕێتەوە، کە وای کردووە ٤٨٪ـی ئەمریکییەکان بڵێن دۆخی داراییان لە دوای گەڕانەوەی ترەمپەوە بۆ کۆشکی سپی بەرەو وێرانی ڕۆیشتووە.

 

ئەم دۆخە نالەبارە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر هەڵبژاردنەکانی مانگی داهاتووی کۆنگرێس دروست کردووە؛ دیموکراتەکان بە جیاوازیی ٨ خاڵ لە پێش کۆمارییەکانەوەن لە کێبڕکێی بەدەستهێنانی زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەراندا، هاوکات ٥٨٪ـی دەنگدەرانی تۆمارکراو بە ئاشکرا دەڵێن دەیانەوێت دەنگ بە دیموکراتەکان بدەن تا کۆنترۆڵی کۆنگرێس بگرنە دەست و ببنە بەربەست لە بەردەم بڕیار و سیاسەتە تاکڕەوانەکانی ترەمپدا.

 

بەپێی نەریتی هەڵبژاردنەکان لە مێژووی ئەمریکادا، دابەزینی جەماوەریی سەرۆک بۆ ئەم ئاستە نزمە زۆربەی جار دەبێتە هۆی شکستی حزبی دەسەڵاتدار؛ بۆیە چاودێران جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەگەر لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە دۆخەکەدا ڕوونەدات، پارتی کۆماری زۆرینەی پەرلەمانی خۆی لەدەست دەدات و ترەمپیش تا کۆتایی خولەکەی دەبێتە سەرۆکێکی دەستبەستراو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP