هەرێم نیوز
بانکی ناوەندیی عێراق ڕایدەگەیەنێت، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کۆتوبەندەکانی سەر ژمارەیەک کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراوی عێراقی هەڵگرتووە، کە بەهۆیەوە ئەو کۆمپانیایانە دەتوانن دووبارە بەشداری لە پرۆسەی فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی 10ـی 2026، بانکی ناوەندیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کۆتوبەندەکانی لەسەر ژمارەیەک کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراوی عێراقی لابردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە دڵنیایی دراوە سەبارەت بە جێبەجێکردنی پێوەرەکانی پابەندبوون کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە پەسەند کراون، کە ئەمەش ڕێگە بەو کۆمپانیایانە دەدات بگەڕێنەوە بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران.
بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی بەهێزکردنی پابەندبوون بە ڕێکارە چاودێرییەکان و ڕێکخستنی پرۆسەی فرۆشتنی دراوی بیانیدا دێت، کە بەپێی ئەو چوارچێوە پەسەندکراوانەیە کە دیاریکراون.