دواین هەواڵ

عێراق‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

لە بەغدا وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئێران پرسی ئاسایشی ناوچەکە و گەرووی هورمزیان تاوتوێ کرد

هەرێم نیوز

لە پەراوێزی کارەکانی خولی ٥٢ـەمی ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لە بەغدا، وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئێران کۆبوونەوە و تێیدا جەخت لە چارەسەری ئاشتییانەی قەیرانەکان، ئاسایشی گەرووی هورمز و دۆخی یەمەن کرایەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی 10ـی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لە بەغدا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەتەوە. 

لە دیدارەکەدا هەردوولا پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و نوێترین گۆڕانکارییە ئەمنی و سیاسییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە.

 فوئاد حوسێن جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی بەغدا کردەوە بۆ چارەسەری ئاشتییانە، و ئاماژەی بەوەش کردووە، کە دیپلۆماسی و گفتوگۆ تاکە ڕێگەن بۆ تێپەڕاندنی گرژییەکان و پاراستنی سەقامگیری.

لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە عێراقچی جەختی لە بەکارهێنانی دیپلۆماسی کردووەتەوە بۆ ڕێگریکردن لە فراوانبوونی گرژییەکان. 

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، نائەمنیی ئێستای گەرووی هورمز دەرئەنجامی دەستوەردانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلە، و ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر ئەمریکا پەلامارەکانی ڕابگرێت لە چوارچێوەی نەخشەڕێگەیەکی ٧ قۆناغیدا کە تاران پێشنیازی کردووە، ئەوا ئاسایش بۆ گەرووی هورمز دەگەڕێتەوە.

سەبارەت بە دۆخی یەمەن، هەردوو وەزیر ڕێگەکانی کۆتاییهێنان بە شەڕیان تاوتوێ کرد. 

عێراقچی هۆشداری دا کە قەیرانی یەمەن بە زەبری هێز و گەمارۆدان چارەسەر ناکرێت و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ ڕەخساندنی کەشی گفتوگۆ لە نێوان لایەنە ناکۆکەکاندا دەربڕی.

 هەروەها، ڕەتیکردەوە کە هێزەکانی یەمەن هێرشیان کردبێتە سەر شوێنە پیرۆزەکانی وەک مەککە و مەدینە، و ئەوەی بە تۆمەتێکی ناڕاست ناوبرد کە نابێت ببێتە هۆی دووبەرەکی لەناو ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامیدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP