هەرێم نیوز
دەستەی حەشدی شەعبی کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرەی ڕاگەیاند، کە بەهۆی تەقینەوەی کۆگایەکی چەکەوە لە بەغدا کەوتەوە، لە کاتێکدا فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە و شایەتحاڵەکانیش باس لە ئەگەری بۆردومانی ئاسمانی دەکەن.
ئەمڕۆ شەممە، 17ـی 10ـی 2026، دەستەی حەشدی شەعبی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، کە تەواوی ئەو ئاگرەیان کۆنترۆڵ کردووە کە لە ئەنجامی تەقینەوەی کۆگایەکی تەقەمەنیی ماوەبەسەرچوو لەناو بارەگایەکیان لە ڕۆژهەڵاتی بەغدا کەوتبووەوە.
دەستەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئاماری کۆتایی ڕووداوەکە تەنیا برینداربوونی پێنج کارمەندە بە سووکی، و لیژنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و دواتر ئەنجامەکان بۆ ڕای گشتی دەخەنەڕوو.
لە لایەکی دیکەوە، عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بەپەلەی دەرکردووە بۆ بەدواداچوونی چۆنیەتیی ڕووداوەکە لەناو بارەگاکەی حەشدی شەعبیدا.
فەرماندەی گشتی جەختی لە خێراکردنی کارەکانی لێکۆڵینەوە و گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی سەلامەتی کردووەتەوە، بۆ ئەوەی ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوی هاوشێوە بکرێت.
سەرەڕای ڕاگەیەندراوەکەی حەشدی شەعبی، بەپێی وتەی ژمارەیەک لە شایەتحاڵانی ناوچەکە، گومان دەکرێت کۆگای چەکەکە بە فڕۆکە بۆردومان کرابێت، کە ئەمەش گومانی لەسەر جۆری ڕووداوەکە دروست کردووە بەوەی کردەوەیەکی سەربازیی ئاسمانی بووبێت.
هاوکات، زانیارییە مەیدانییەکان و سەرچاوەکانی دیکە باس لەوە دەکەن کە لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا کەسێک گیانی لەدەستداوە و پێنجی دیکەش بریندار بوون، کە ئەمەش پێچەوانەی ئامارە فەرمییەکەی دەستەی حەشدی شەعبییە.