دواین هەواڵ

عێراق‌

 13 کاتژمێر پێش ئێستا

فایەق زێدان: دوای دوو دەیە پێویستە پێداچوونەوە بە دەقە دەستوورییەکاندا بکرێت

هەرێم نیوز

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لە ساڵیادی ڕاپرسیی دەستووردا ڕایگەیاند کە رێزگرتن لە دەستوور پێویستی بە نوێکردنەوە و چارەسەرکردنی کێشەکان هەیە دوای تێپەڕبوونی دوو دەیە بەسەر نووسینەوەیدا، و هاوکات داوای لە پەرلەمان کرد هەنگاوی کردەیی بۆ هەموارکردنەوەی ئەو بڕگانە بنێت کە بوونەتە هۆی پەکخستنی مافە دەستوورییەکان.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، لە ڕاگەیەندراوێکدا بە بۆنەی بیست و یەکەمین ساڵیادی ڕاپرسی بۆ دەستووری هەمیشەییی عێراق ڕایگەیاند: "قوربانیدانی گەلی عێراقی ڕێگەیان بۆ پەسەندکردنی ئەم دەستوورە خۆش کرد، بۆیە دەبێت رێز لەو قوربانیدانەی گەلەکەمان بگرین."

هاوکات سوپاس و پێزانینی ئاراستەی مەرجەعیەتی باڵای ئایینی، هاووڵاتییان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بۆ پاڵپشتیکردنی دەستوور لەو قۆناخە هەستیارەدا.

پێویستیی پێداچوونەوە بە دەقە دەستوورییەکان و زۆرینەی پەرلەمانی
فایەق زێدان لە درێژەی پەیامەکەیدا روونی کردەوە: "ڕێزگرتن لە دەستوور و پابەندبوون پێوەی پێویستی بە چارەسەرکردنی کێشەکان و نوێکردنەوەی هەندێک لە دەقەکانی هەیە، ئەوەش دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو دەیە بەسەر نووسینەوەیدا لە دۆخێکی راگوزەری هەستیاردا، چونکە ئەزموونی حوکمڕانی دەریخستووە لە جێبەجێکردن و لێکدانەوەدا کێشەی بنەڕەتی هەبووە و بووەتە هۆی پەکخستنی مافە دەستوورییەکان، دیارترینیان ئەوانەن کە پەیوەستن بە زۆرینەی پەرلەمانی، هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، دیاریکردنی فراکسیۆنی زۆرینە و چەندان بڕگەی دیکەی جێگەی مشتومڕ."

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری جەختی کردەوە که پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی و مێژووییدایە بۆ پێداچوونەوە بەم بڕگانە و ئەنجامدانی هەموارکردنەوەی پێویست، بەپێی ئەو میکانیزمانەی لە دەستووردا دیاریکراون تاوەکو لەگەڵ ئیرادەی گەلدا بگونجێت.

ئاماژەی بەوەشدا، کە گونجاندنی یاساکان لەگەڵ پێداویستییەکانی ئێستای دەوڵەت، دەبێتە هۆی بەهێزکردنی سەروەریی یاسا، پتەوکردنی دامەزراوەکان و پاراستنی ماف و ئازادییەکانی هاووڵاتییان لە سایەی سیستەمی دیموکراسیی فرەییدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP