هەرێم نیوز
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕایگەیاند که عێراق بووەتە قوربانیی پەرەسەندنی ململانێ هەرێمییەکان و بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوتیشەوە نزیکەی 60 ملیار دۆلار زیانی دارایی بەرکەوتووە.
ئەمڕۆ هەینی، 16ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزیری دەرەوەی عێراق سەبارەت بە ململانێکانی ناوچەکە و جەنگی ئێران جەختی کردەوە که عێراق لە سەرەتاوە بە روونی ڕایگەیاندووە بە هیچ شێوەیەک نابێتە بەشێک لەو جەنگە، بەڵام بەهۆی فراوانبوونی مەودای شەڕەکە، هێرش کراوەتە سەر وڵاتەکەمان و قوربانیی لێکەوتووەتەوە.
لە لایەنی ئابووریشەوە، فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوە دا که بەهۆی جەنگ و داخستنی گەرووی هورمزەوە، هەناردەکردنی نەوتی عێراق بە تەواوی وەستاوە و ئەمەش بارگرانییەکی قورسی دارایی بۆ حکوومەت دروست کردووە، بە جۆرێک کە لەو ماوەیەدا نزیکەی 60 ملیار دۆلار زیان بە عێراق گەیشتووە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، وەزیری دەرەوە ڕوونی کردەوە که پەیوەندیی هەردوو وڵات لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی ستراتیژییە و تەنیا لەسەر مانەوەی هێزە سەربازییەکان نەبووە، بەڵکو ئێستا گرنگیی زیاتر بە پەرەپێدانی کەرتی ئابووری دەدرێت.